له‌ 2050 دا كه‌م ئاویی هه‌ڕه‌شه‌ له‌پێنج ملیار كه‌سی دانیشتووی جیهان ده‌كات


پسپۆڕان له‌كۆڕبه‌ندی جیهانیی ئاو كه‌ له‌به‌رازیل به‌سترا ، مه‌سه‌له‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو و چۆنیه‌تی هۆشیاركردنه‌وه‌ی دانیشتوانیان له‌باره‌ی ئه‌و سامانه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ تاوتوێكرد.

ئه‌و كۆڕبه‌نده‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ جیهان به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی سازگار و ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌دایه‌.

پسپۆڕانیش له‌و كۆڕبه‌نده‌دا هه‌وڵیانداوه‌ بگه‌نه‌ كۆده‌نگییه‌ك سه‌باره‌ت به‌ سه‌رنج خستنه‌ سه‌ر هه‌ندێك ڕێگه‌ و ته‌كنه‌لۆژیای نوێ له‌سیستمی ئاودێریی و كشتوكاڵدا به‌مه‌به‌ستی ده‌ستگرتن به‌و سامانه‌ جیهانییه‌ی كه‌ به‌ ئاڵتونی شین ناسراوه‌.

له‌و كۆبوونه‌وه‌ جیهانیه‌دا كه‌ له‌پایته‌ختی به‌رازیل به‌سترا و زیاتر له‌ 40 هه‌زار كه‌س به‌شدار بوون تێیدا له‌وانه‌ش نزیكه‌ی 15 سه‌رۆك وه‌زیری وڵاتان و 300 سه‌رۆكی شاره‌وانیی و به‌ده‌یان چالاكیی بواری ژینگه‌ بوون، هه‌موویان جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ڕێوشوێنی نوێ بگیرێته‌به‌ر له‌شێوازه‌كانی كشتوكاڵ‌و به‌رهه‌مهێنانی كێڵگه‌یی بۆ ده‌ربازبوون یان ڕامكردنی ئه‌و قه‌یرانی ئاوه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌كرێ له‌چه‌ند ده‌یه‌ی داهاتودا زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به‌ ده‌ستییه‌وه‌ گیرۆده‌ ببن.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌موان كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌كنه‌لۆژیای نوێ یارمه‌تییه‌كی باش پێشكه‌ش ده‌كات بۆ سیستمی ئاودێریی له‌وانه‌ش ڕێگه‌كانی بارانی ده‌ستكرد و سوودوه‌رگرتن له‌مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان كه‌ په‌یوه‌ست ده‌كرێن به‌ئامێره‌كانی كشتوكاڵه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی سود وه‌رگرتن له‌هه‌موو تنۆكه‌ ئاوێك و به‌فیڕۆ نه‌دانی له‌ كاتی كشتوكاڵ كردندا.

له‌و كۆڕبه‌نده‌دا باس له‌وڵاتانی ئه‌مریكای لاتین كرا به‌ تایبه‌ت وڵاتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك به‌رازیل كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین وڵاتانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ خۆراك بۆ جیهان ده‌نێرێت، ئه‌و وڵاته‌ (50%)ی ئاوی ده‌ریاچه‌ و ڕوباره‌كانی بۆ كه‌رتی كشتوكاڵ ته‌رخانكردووه‌.

(ماوریسیۆ لۆپیس)سه‌رۆكی په‌یمانگای نیشتمانیی بۆ توێژینه‌وه‌ی كشتوكاڵ له‌ به‌رازیل له‌ لێدوانێكیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌وان وه‌ك حكومه‌ت‌و وه‌ك لێپسراوانی ناوه‌نده‌ كشتوكاڵییه‌كان ده‌یانه‌وێت بڕی به‌كارهێنانی ئاو له‌ بواری كشتوكاڵدا كه‌متر بكه‌نه‌وه‌ و جۆره‌ ڕووه‌كێك گه‌شه‌ پێبده‌ن كه‌ پێویستیی به‌كه‌مترین بڕی ئاو بێت، هه‌روه‌ها پشت ببه‌ستن به‌و ئامێرانه‌ی كه‌ زیاتر یارمه‌تیان ده‌دات بۆ به‌دیهینانی ئامانجه‌كانیان.

ئه‌و وتیشی» ئه‌وان سه‌رگه‌رمیی ئه‌وه‌ن كه‌ سوود له‌ ئاوی سه‌وزیش وه‌ربگرن» كه‌ مه‌به‌ست لێی ئاوی ناو دارستان و ئاوی زۆنگاوه‌كانه‌.

شیاوی وتنه‌ له‌و كۆڕبه‌نده‌دا هه‌ریه‌ك له‌لێپرسراوان و پسپۆڕانی كشتوكاڵیی‌و ژینگه‌یی له‌وتار و دیبه‌یته‌كانیاندا باسیان له‌و ڕێوشوێنه‌ پێویست‌و ئامانجدارانه‌ كرد كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوازێك ڕێگه‌ خۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ دانیشتوانیی جیهان ده‌كات و وا ده‌كات كه‌ تا ساڵی 2050 زیاتر له‌پێنج ملیار كه‌س ڕووبه‌ڕووی كاره‌سات و نه‌هامه‌تی‌و كۆچی به‌كۆمه‌ڵ ببنه‌وه‌ ئه‌ویش به‌ هۆی كێشه‌ی كه‌مئاوییه‌وه‌ كه‌ له‌وڵات‌و ناوچه‌كانیان سه‌رهه‌ڵده‌دات.