ئێران 400 ملیار مەتر سێجا گازی هەناردەی بەغدا كردووە

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای گواستنەوەی گازی ئێران ئاشكرای كرد، قەبارەی گواستنەوەی گازی سروشتیی ئێران بۆ عێراق ڕۆژانە گەیشووەتە ملیارێك مەتری سێجا و تا ساڵی 2025یش ئەو ڕێژەیە بۆ چوار ملیار مەتری سێجا بەرز دەبێتەوە.

سەعید تەوەكلی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای گواستنەوەی گازی سروشتی ئێران بۆ دەرەوە ئاشكرای كرد، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئێران 224 ملیار مەتری سێجا گازی سروشتی لە ڕێی بۆڕیی گازی نێوان ئێران و عێراق، هەناردەی بەغدا كردووە، بەگوێرەی پلانی هاوبەشی هەردوولایش ئەو ڕێژەیە بۆ 2025 بۆ 400 ملیار مەتری سێجا لە ساڵێكدا بەرز دەبێتەوە، واتە ڕۆژانە 160 ملیۆن مەتری سێجا گازی سروشتی ڕەوانەی عێراق دەكرێ.

زیاتر وتی، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردەكردن بۆ 400 ملیار مەتری سێجا، پێوەستە بە زۆربوونی خواستی عێراق لە گازی سروشتی و بەرهەمهێنانی كارگەی پیشەسازی و وێستگەی كارەبا و سووتەمەنی.

ئاماژەی دا، بەشێوەیەكی گشتی ڕۆژانە تەنیا شاری بەغدا بەلایەنی كەمەوە نزیكەی 10 ملیۆن مەتری سێجا گازی پێویستە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایش لە عێراق، پێشبینی دەكرێ خواستی گازی سروشتی زیاتر بێ، بۆ وەگەڕخستنی زیاتری وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا كە بە گاز كار دەكەن.

هاوردەكردنی گازی سروشتی لە ئێران لەلایەن عێراقەوە لە كاتێكدایە زۆربەی كێڵگە نەوتییەكانی عێراق گازی سروشتی بە ڕێژەیەكی زۆر تێدایە، بەڵام بە هەوا دەسووتێت و هیچ سوودێكی لێ وەرناگیرێت.