راپۆرتەکەی بانکی جیهانی کە لەم مانگەدا بڵاوکرایەوە، دەڵێت کێشە ئەمنییەکانی عێراق لە ساڵی 2018 دا بەردەوامدەبێت و دابینکردنی ئاسایش هێشا تەحەدای گەورەی بەردەم ئەو وڵاتەیە.
ئەو رێکخراوە جیهانییە ئاشکرایکردووە، لە ساڵی 2016ـدا لەبەر نەبوونی ئاسایش لە عێراق 16 هەزار و 360 کەس بوونەتە قوربانی. “لە دوای 2014ـەوە قەیرانێکی گەورەی مرۆیی لەو وڵاتە دروستبووە کە کاریگەری کردووەتە سەر خراپبوونی رەوشی ژیانی 10 ملیۆن هاووڵاتی عێراقی، کە سێ ملیۆن کەسیان لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارەبوون”.
بانکی جیهانی دەڵێت “ستانداردەکانی ژیان لە عێراق بەرەو خراپتر چوون، ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەیەکی زیاتری هاووڵاتییان روێشتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری و رێژەیەکی بەرچاوی دیکەش نزیکبوونەتەوە لە هێڵی هەژاری”.
بەپێی بانکی جیهانی کە پشتی بە ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق بەستووە، لە ساڵی 2014 لە 22.5%ی هاووڵاتییان لەژێر هێڵی هەژاریدا بوون، بەلام لەو ناوچانەی کە لەلایەن داعشەوە هێرشکرایە سەریان، رێژەی هەژاری دوو هێندەی ناوچەکانی دیکەیە و بەرزبووەتەوە بۆ لە 41.2%.
سەبارەت بە رەوشی بێکاری، بەپێی نوێترین راپۆرتی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان، رێژەی بێکاری لە عێراق، لە 14.8%ـە، بەڵام لە 18%ی گەنجانی تەمەن نێوان 15 بۆ 24 ساڵ لە عێراق بێکارن و لە 23%ی هاووڵاتییانیش داهاتیان کەمترە لە دوو دۆلاری رۆژانە.
بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، هاووڵاتییانی عێراقی لە بەشێکی زۆر لە خزمەتگوزارییەکان بێبەشن، لە 90%ی هاووڵاتییان کارەبای پێویستی خۆیان لەڕێگەی مولیدەکانی گەڕەکەوە دابیندەکەن.
هەر بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، تەنیا لە 38%ی هاووڵاتیانی عێراق ئاوی خواردنەوەی گونجاویان لەبەردەستە و لە 20%ی هاووڵاتیانیش ئاوی ناپاک بەکاردەهێنن.