شاندێکی حکومی و بازرگانی ھەرێم بۆ بەشداری لەکۆنفرانسی بنیاتنانی عێراق گەشتنە بەریتانیا.
لە ژێر ناونیشانی پێکەوە عێراق بنیات ئـەنێین دیداری بازرگانی عێراقی و بەریتانی لە ووڵاتی بەریتانیا ئەنجام دەدرێت و شاندێکی حکومی و بازرگانی لە ھەرێمەوە بەشدارن.
سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند“ دیداری بازرگانی لەنێوان بازرگانانی عیراق و بەریتانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەرھەلی بازرگانی لە عێراق بەڕێوە دەچێت، لەژێر ناونیشانی، پێکەوە عێراق بنیات ئـەنێین، شاندەکەی ھەرێم لەڕۆژی یەکشەممە ٤/٢٢ لە ھەولێرەوە بەڕێکەوتین بۆ بەریتانیا“.
ڕاشیگەیاند“ دیدارەکە چەند لایەنێکی ھەمەجۆری بازرگانی لەخۆی ئـەگرێت، وەک بازرگانی گشتی و ھەناردەو ھاوردەکردن، بیناسازی، خواردەمەنی و کشتوکاڵ ، سیستەمی دارای و ئـاڵوگۆری دراو، گەشتکردن و ئـوتێل، گواستنەوە، کەرەستەی تەندروستی ، کەرەستەی ئـەلیکترۆنی ، کەرەستەی بیناسازی و پیشەسازی“.
ئاماژەی بەوەشدا ” بەشداربوانی دیدارەکە پێکھاتوون لە بازرگانان و نوێنەرانی ژوورەبازرگانی و پیشەسازییەکانی عیراق و بەریتانیا وە دیدارەکەلەلایەن ئـەنجومەنی بازرگانی عێراقی بەریتانی ڕێکخراوە“
شاندەکەی ھەرێم پێک ھاتون لە سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکان دکتۆر دارا جلیل خەیات و سەرۆکانی ژوورە بازرگانیەکانی ھەرێمی کوردستان و قائیمقایمی سلێمانی ئاوات محەمەد، پارێزگاری ھەولێر نەوزاد ھادی، کاوە علی کەریم جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە و چەند بازرگانێکی ھەرێمی کوردستان.
كۆنفرانسەکە لەشاری لەندەن لە ووڵاتی بەریتانیا بەڕێوە دەچێت لەڕۆژانی ٤/٢٣ تا ٢٠١٨/٤/٢٥ بەردەوام دەبێت.