بەئامانجى سود وەرگرتن لەو فەندەى کەلەلایەن وەزارەتى دەرەوەى فنلاند بۆ ژیانەوەى ئێراق تەرخانکراوە، لە چەند مانگى ڕابردودا، لەسەر ڕاسپاردەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەفدێکى وەزارەتى خوێندنىباڵا و تویژینەوەى زانستى سەردانى وڵاتى فنلاندیان کرد و، پڕۆژەکیان پێشکەش بەو وڵاتە کرد تا لە کوردستانەوە کارەکانیان دەست پێ بکەن.
لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەر بانگهێشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەفدێکى ئەو وڵاتەى کرد سەردانى هەرێمى کوردستان کرد بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە دۆخى خوێندنى باڵا لە کوردستان و، بەسەرکردنەوەى دامەزراوە ئەکادیمیەکان.
وەفدێکى پەروەردە و خوێندنى باڵا-ى فنلندى بەسەرۆکایەتى (کارل هۆلم) ڕاویژکارى هەڵسەنگاندن لە ناوەندى هەڵسەنگاندنى پەروەردە و خوێندن لە فینلندا لە یەکەم وێستگەى سەردانەکەیاندا، ئەمڕۆ یەک شەممە، ڕێکەوتى (٢٢/٤/٢٠١٨) لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگەرمى لەلایەن ڕاویژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى فەرمانگەکانى وەزارەت پێشوازییان لێکرا.
دواتر لە کۆبونەوەیەکدا، کە لەلایەن د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاویژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرپەرشتى دەکرا، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى سود وەرگرتن لە ئەزمونى فنلاند لە بوارى خوێندنى باڵا کرا بۆ پێشخستنى خوێندنى باڵا لە کوردستان بەتایبەت لە بوارى پیشەیى کردەیدا.
لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتایى کۆبونەوەکەدا، د.کەریم ساڵح بەخێرهێنانى لە وەفدى میوان کرد و، هیواى خواست ئەم سەردانەیان بۆ هەرێمى کوردستان دەرفەتێکى گرنگ بێ بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا و، سود وەرگرتن لە ئەزمونى ئەو وڵاتە بۆ پێشخستنى خوێندنى پیشەیى لە کوردستان.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سمینارێکى پێشکەشکرد، لە سمینارەکەیدا د.ئامانج سەعید کورتەیەکى لەبارەى کوردستان و مێژوى دامەزراندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان و چۆنیەتى گەشەکردنى خوێندنى باڵا لە بوارى چەندایەتى و چۆنایەتى لە کوردستان بۆ وەفدى میوان باسکرد، هەروەک ئاماژەى بەپڕۆژەکان و دیدگا و تێڕوانین و ستراتیژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ چۆنیەتى باشکردنى کواڵیتى خوێندن لە کوردستان و، دروستکردنى پەیوەندى و هەماهەنگى لەگەڵ ناوەندە گرنگەکانى خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى جیهان.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا، (کارل هۆلم) ڕاویژکارى هەڵسەنگاندن لە ناوەندى هەڵسەنگاندنى پەروەردە و خوێندن لە فینلندا لە سمینارێکدا کورتەیەکى لە بوارى خوێندنى باڵا و پەروەردەى فنلاند باسکرد و، ڕایگەیاند کاتێک دەستمان بەڕیفۆرمى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە وڵاتەکەمان کرد ڕوبەڕوى کۆمەڵێک بەربەست و ئاڵنگارى بوینەوە، بەڵام دواجار لە چوارچێوەى پلانێکى تۆکمە و دەستنیشانکردنى خاڵە لاوازە و بەهێزەکان توانیمان بەسەرکەوتویى ڕێفۆرمەکەمان بگەێنینە ئەنجام، وتیشى ئێستا خوێندنى باڵا و پەروەردە لە وڵاتى فنلاند یەکێک لە ئەزمونە تاز و پێشەنگەکانى دنیا، هیواشى خواست ئەم سەردانەمان دەرفەتى ئەوە بڕخسێنی پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، زانکۆکانى کوردستان پەرەپێبدەین.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا، لەلایەن ڕاویژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت چەندین پرسیارە لەبارەى چۆنیەتى و بوارەکانى هەماهەنگى و هاریکارى ئەو وڵاتە ئاراستەى وەفدى میوان کرا، ئەوانیش وەڵامى پرسیارەکانیان دایەوە.
واش بڕیارە ئەو وەفدە باڵایەى پەروەردە و خوێندنى باڵا-ى فنلاند لە ماوەى مانەوەیان لە کوردستان سەردانى چەند زانکۆیەکى کوردستان و ناوەندى ئەکادیمى بکەن و، لە نزیکەوە ئاشنایى ژێرخان و سەرخانى زانکۆکان ببینن و، دواتر لە گەڕانەوەیاندا نەخشەڕێگەى کارى داهاتویان لە کوردستان دابریژن.
وڵاتى فنلاند فەندێکیان لە وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکەیانبەناوى ژیانەوەى ئێراق بۆ بوارى پەروەردە و خوێندنى باڵا تەرخانکردوە، بڕیاریشیانداوە کوردستان بکەنە ویستگەى یەکەمى کارەکانیان، هەروەک زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمیەکانى ئەو وڵاتە ئامادەیی تەواویان پیشانداوە هاریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و زانکۆکان بکەن.
وەفدەکەى فنلندە پێکهاتوە لە (کارل هۆلم) ڕاویژکارى هەڵسەنگاندن لە ناوەندى هەڵسەنگاندنى پەروەردە و خوێندن لە فینلندا و، خاتوو (ماریا کاتیکۆ) پڕۆفیسۆرى یاریدەدر لە زانکۆى (DIAK) بۆ زانستە پراکتیکیەکان و، (یوکا کۆسکینیسێ) لە سێنتەرى توێژینەوەى زانکۆى (DIAK) و، ئیلکا کۆلا نوێنەرى زانکۆکانى (HAMK) و(TAMK) بۆ زانستە پراکتیکیەکان بۆ کارکردن لەگەڵ دامەزراوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان.
لەلایەکى دیکەوە، هەر ئەمڕۆ وەفدى فنلاند لە هۆڵى کۆبونەوەکانى دیوانى وەزارەت لەگەڵ نوینەرى زانکۆ پۆلیتەکنیەکانى (هەولێر، سلێمانى و دهۆک) کۆبونەوە، لە کۆبونەوەکەدا باس لە پاڵپشتیکردن لە پڕۆگرامەکانى خوێندن لە بوارى پیشەیى کردارى کرا، هەروەک چۆنیەتى هاوکاریکردن لە بوارى دڵنیایى جۆرى گفتوگۆى لەبارەوە کرا.