وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، لە مانگى ئازاردا ١٠٧ ملیۆن و ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە کە بڕی داهاتەکەى زیاتربووە لە ٦ ملیار دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری هەناردە و داهاتەکانی لە مانگی ئازاری ڕابردوودا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، هەناردەى نەوتی عێراق لە بیرەنەوتەکانى ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوری عێراق لە مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە ١٠٧ ملیۆن و ٥٠ هەزار بەرمیل.
ئاماژە بەوەش کراوە، نرخی یەک بەرمیل بە ٦٠ دۆلار و ١١ سەنت بووە و داهاتى ئەو مانگەش بریتیبووە لە ٦ ملیار و ٤٣٥ ملیۆن و ٢١٠ هەزار دۆلار.
ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، ئەو بڕە نەوتە لەڕێگەی ٣٩ کۆمپانیای جیهانیی جیاوازەوە بەرهەمهاتووە لە کێڵگەکانى عێراق و سەرجەمیشی لەڕێگەى بەندەرەکانی بەسرەوە هەناردەکراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە زیاتر لە ٩٠% بودجەى عێراق پشت بە داهاتەکانى نەوت دەبەسـتێت و کەرتەکانى تر بە شێوەیەکى بەرچاو ناتوانن بەشداربن لە دابینکردنى بودجەدا.