تره‌مپ: نرخی نه‌وت زۆر به‌رزه‌ و مایه‌ی قبووڵكردن نییه‌

سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ، رێكخراوی وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت (ئۆپیك)ی كرده‌ ئامانج و، ره‌خنه‌ی لێگرت به‌وه‌ی كه‌ نرخی نه‌وت زۆر به‌رزه‌.

تره‌مپ له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تویته‌ر، رایگه‌یاند: “گه‌ر ته‌ماشا بكرێت ئۆپیك سه‌رله‌نوێ له‌سه‌ر كاره‌. به‌و كه‌شتیانه‌شه‌وه‌ كه‌ ته‌واو ده‌ریاكانیان پڕكردووه‌، له‌ هه‌موو شوێنێك له‌ ئاستێكی پێوانه‌یی نه‌وت هه‌یه‌. به‌ڵام نرخی نه‌وت زۆر به‌رزه‌! ئه‌وه‌ باش نییه‌ و مایه‌ی قبووڵكردن نییه‌”.

شاره‌زانیان ئاماژه‌یان به‌ بارگرژییه‌كانی ئه‌و هه‌فتانه‌ی دووایی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان كرد و، باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ نرخی نه‌وت له‌ ماوه‌ی سێ ساڵ و نیوی رابردوودا به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر به‌رزترین ئاستی نرخه‌كه‌ی.

دوێنێ نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی برێنت به‌ 74 دۆلار و 75 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا كه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان زیاتر به‌كاردێت، هه‌روه‌ها نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی جۆری تێكساس تا 69 دۆلار و 56 سه‌نت به‌رزبووه‌وه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، شاره‌زایان ره‌خنه‌كه‌ی تره‌مپیان له‌سه‌ر زۆری خستنه‌ڕوو به‌ نابه‌جێيان دانا و، ئاماژه‌یان به‌ رێككه‌وتنی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی ئۆپیك كرد له‌گه‌ڵ وڵاتانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئۆپیك به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ رووسیا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی زیاده‌ی خستنه‌ڕوو.