بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عیراق رایدەگەیەنێت، حكومەتی عیراق ئامادەكاریەكانی گواستنەوەی پارە بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەبەغداوە دەستپێكردووە و دەشڵێت، “سەرەتای ھەفتەی داھاتوو پارەكە دەگاتە ھەرێم “.
د.فازڵ نەبی بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عیراق بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە، “حكومەتی عیراق بڕیاری خەرجكردنی موچەی دوەمی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانی دەركردوەو لەڕێگەی وەزارەتی دارایی عیراقیشەوە پێم ڕاگەیەنراوە سەرەتا هەفتەی داهاتوو پارەكە دەگاتە هەولێر”.
سەبارەت بەبڕی پارەكەش وتی:”بڕی پارەكە بریتیە لە ٣١٧ ملیارو ٥٤٥ ملیۆن دینارو دەگوزارێتەوە بۆ سەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كە بۆ موچەی فەرمانبەران تەرخانكراوە”.
رۆژی ١٨ی ٣ی ٢٠١٨، حكومەتی عیراق بڕیاری خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانی دەركردو بۆ ڕۆژی دواتر خرایەسەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی ھەرێم.