بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی دەست بكات بە كۆكردنەوەی بڕی ئەو پارەیەی لە چوار ساڵی ڕابردوو وەك قەرز بە گەنجانی دابوو كە كۆی گشتی پارەكە نزیكەی 80 ملیار دینارە و جارێكی تر وەك قەرز بە گەنجان بدرێتەوە.
هەمزە مەغدید بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەهۆی تەنگەژەی دارایی دوو ساڵ وەرگرتنەوەی قەرزی بچووكی ڕاگرت ئێستە بڕیارە ئەو پارەیە وەربگیرێتەوە كە لای هاووڵاتیانە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێت، ئەو پارەیە زیاتر بە هەشت هەزار هاووڵاتیی دراوە لە ڕابردوو ئێستە كۆ دەكرێتەوە و جارێكی تر دەدرێتەوە هاووڵاتییان وەك قەرز بۆ ئەوەی سوودمەند بن كە نزیكەی 80 ملیار دینارە و لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەبێت.
ئەو بەرپرسەی ئاشكرای كرد كە قەرزەكە لە پێنج ملیۆن دەست پێ دەكات تا 15 ملیۆن دینارە بە گوێرەی پڕۆژەكە ئەو پارەیە دراوە بە هاووڵاتییان.
لە ساڵی 2013 وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی پڕۆژەی قەرزی بچووكی بۆ ئەو گەنجانە ڕاگەیاند كە ئارەزووی دامەزراندنی پڕۆژەیەكی بچووكن وەكو دووكان و كارگە بچووكەكان یان كڕینەوەی شوێنێك بۆ كاركردن.