حکومەتی ئێران ئەمڕۆ چوار شەممە ڕایگەیاند، لەمەودوا دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەت دەست دەکەن بە بەکارهێنانی یۆرۆ لە مامەڵە فەرمییەکانی دەرەوەدا لە بری دۆلار، ئەویش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دۆلاری ئەمریکی کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.
لەو بارەیەوە وەلیوڵا سەیف پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو عەلی خامنەئی ڕابەری گشتی ئێران، پێشوازیکردووە بەوەی یۆرۆ جێگەی دۆلار بگرێتەوە لە مامەڵە بیانییەکانی ئێران، ئەویش لەبەر ئەوەی دۆلار هیچ پێگەیەکی نەماوە لە مامەڵەی ڕۆژانەیاندا.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا حکومەتی ئێران بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا، لە هەوڵی بەردەوامدا بووە بۆ ئەوەی خۆی دوورخاتەوە لە دۆلار، سەرباری ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری مامەڵە دەرەکییەکانی وڵاتەکە تا ئێستا بە دۆلار بەڕێوە دەچێت، جگە لەوەش هاووڵاتیانی ئێران لە گەشت و پاشکەوتکرندیشدا پەنا بۆ دۆلار دەبەن.
لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی هەڕەشەکانی ئەمریکاوە بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئێراندا، بازاڕی ئاڵوگۆڕکردنی دراو لەو وڵاتە ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە.
لە نێوان مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو و هەفتەی ڕابردوودا بەهای تمەنی ئێرانی نیوەی بەهاکەی خۆی لە بەرامبەر دۆلاردا لە دەستداوە، بەشێوەیەک نرخی یەک دۆلار گەیشتە ٦ هەزار تمەن، بەڵام دەسەڵاتداران نرخەکەیان لە ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەندا جێگیر کرد و هەڕەشەی سزادانی ئەوانەشی کرد کە نرخی لەوە زیاتر بەکاربهێنن لە کاتی ئاڵوگۆڕکردنی دراودا، ئەوەش وایکرد زۆربەی بازاڕەکانی ئاڵوگۆرکردنی دراو مامەڵەکانیان بە دۆلار بوەستێنن.