حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری قەدەغەكردنی هێنانی ئۆتۆمبێلی (خەلیجی) خستووەتە باری جێبەجێكردنەوە، كە مەبەست لێی ئۆتۆمبێلی دەستی دوو و بەكارهاتووە لە وڵاتانی كەنداوەوە.
عوسمان ئەبوبەكر بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی جۆری ئۆتۆمبێل لە سلێمانی ئاماژەی بەوە كردووە كە لە دوێنێ یەكشەممەوە هێنانی ئۆتۆمبێلی (خەلیجی) جێبەجێ كراوە، بۆ لەمەودواش ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەهێندرێنە كوردستان، دەبێ تایبەمەندی جۆرییان هەبێت.
بەڕێوەبەرەكەی كۆنترۆڵی جۆری بۆ رۆژنامەنووسان، دووپاتی كردووەتەوە كە لەمەودوا ڕێگە نادرێ ئۆتۆمبێلی شكاو و تێكچوو و چاككراوە، هاوردەی كوردستان بكرێت.
جێی باسە چەندین ساڵە بازرگانانی ئۆتۆمبێل لە شاری دوبەی میرنشینی ئیماراتی عەرەبیەوە ئۆتۆمبێلی دەستی دوو، كە لە وڵاتانی كەنداو بەكارهێندراون و ماندوو كراون، چاكیان دەكەنەوە و هاوردەی كوردستانیان دەكەن، بۆ ئەوەی بە نرخێكی مامناوەندی یان هەرزان لە چاو ئۆتۆمبێلی نوێ، بە هاووڵاتیانیان بفرۆشنەوە.