رێکخراوی جوتیارانی سەردەم لەهەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، بەهۆی پێ نەدانی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان سکالایان لەسەر وەزیری بازرگانی تۆمارکردوە و یاداشتێکیشیان ئاراستەی حەیدەر عەبادی کردوە ئەگەر پارەکە رەوانە نەکات لەماوەی ١٥ رۆژی داهاتوو سکالا لەسەر ئەویش تۆمار دەکەین.
فارس حسێن سەرۆکی رێکخراوی جوتیارانی سەردەم لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ماوەی چەند ساڵێکە لە ٢٠١٤ تاوەکو ٢٠١٧ ئێمە ئارەقەی نێوچاوانی خۆمان رشتوە کەچی حکومەتی عێراق ماوەی چوار سالە پارەکەی زەوت کردوە و دەیەوێ پارەکەشمان کەمبکاتەوە بۆ نیوەی ئەو پارەیەی کە گەنمەکانمان رادەستی سایلۆکان کردوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کێشەی جوتیاران لە ٢٠١٤ەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامە و دوای ئەوەی پارەکەشی دواخستوە ئێستا عێراق دەیەوێ ئەو گەنمەی کە پێشووتر تەنی بە ٧٩٠ هەزار لێ وەرگرتوین، هەوڵدەدات کە نرخەکە کەمبکاتەو بۆ ٣٤٧ هەزار و ٧٥٠ فلس، بۆ بەدەستهێنانی شایستەداراییەکانیشمان هەوڵەکان لەگەل ئەمەریکیەکان و لەگەل سیستانی بی سود بووە.
باسی لەوەشکرد، لەرێگەی دوو پارێزەری خۆبەخش یاداشتێکمان ئامادەکرد و سەردانی وەزیری بازرگانیمان کرد و وەزیریش پێی وتین کە عەبادی بەتاک رەوی پارەکەی بڕیوە لەدوای ١٥ رۆژ وەلامیان نەبوو بۆ یاداشتەکەمان لەسەر ئەمە ئێمە سکالامان تۆمارکرد، لەدادگای فیدرالی لەسەر وەزارەتی بازرگانی بریارە ١ی تەموز دادگا کاری خۆی بکات، چونکە بەداخەوە ماوەی چەند ساڵێکە جوتیاران لەژیانێکی کولەمەرگیدایە و داوای قەرەبوشمان کردۆتەوە لەبەرامبەر دواکەوتنی پارەکانمان،.
لای خۆشیەوە ، بەشدار حەسەن پارێزەری خۆبەخش لەبارەی سکالاکەوە لەکۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند، چەند جارێک سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ وەزیری بازرگانی کۆبوینەوە و یاداشتێکمان پێدا کە لەماوەی ١٥ رۆژ پارەکە خەرج بکات، کەچی تەنها پارەی ٢٠١٧یان رەوانە کرد و بڕێکی کەمی ماوە، لەهەمان کاتدا پارەی ساڵەکانی ٢٠١٤ تاوەکو ٢٠١٦ رەوانە نەکردوە، دوای کۆتایی هاتنی ماوەکەش داوایەکی یاساییمان تۆمارکرد لەسەر وەزارەتی بازرگانی، ئیستاش یاداشتێمان ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردوە و داوای رەوانەکردنی پارەکە و قەربوی جوتیارانمان کردوە، ئەگەر پارەکە رەوانە نەکات سکالا لەسەر ئەویش تۆمار دەکەین، چونکە بەغدا زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دینار لای بەغدا ماوە.