ئەندامى لێژنەى دارایی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، نەجیبە نەجیب رایگەیاند “لە نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق گفتوگۆ هەیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوانیان”.
نەجیبە نەجیب وتى: “پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق لە تەنگەژە و چەقبەستوویی نەماوە، هێواش هێواش بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت، بەڵام ئەم ئاساییبوونەوە چارەسەرى کۆتایی کێشەکان بەدواى خۆى ناهێنێت، بەڵکو ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراق لاپەڕەیەکى دیکە لەبەردەم چارەسەرکردنى کێشە کەڵەکەبووەکانى نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە، بۆیە ناتوانین هیچ بەرچاوڕوونییەک بدەین بەوەى حکوومەتى ئایندەى عێراق چۆن دەبێت و پلانى حکوومڕانى چى دەبێت، چونکە ئەوەى بەرامبەر بە کورد پەیڕەوکراوە تا ئەم ساتە جیاوازى کردنە لەسەر ئاستى تاک و نەتەوەى کورد و هیچ کاتێک حکوومەتى عێراق هەرێمى کوردستانى وەک بەشێک لە عێراق هەژمار نەکردووە”.
وتیشى: “لەملا و لەولا باسى کۆتاییهێنان بەو شێوازى هەیکەلیەتى حکوومەتى عێراق دەکرێت کە سەرکۆمار کورد بێت و سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران شیعە بێت و سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى سوننە بێت، بەڵام لەوە ناچێت ئەمە رووبدات، چونکە لایەنى شیعە لە ئێستاوە یەک دەنگ و کۆکن بۆ ئەوەى سەرۆکوەزیرانى عێراق جارێکى بەدەستەوە شیعە بێت”.
نەجیبە نەجیب ئاماژەى بەوەدا کە سەرۆکى هاوپەیمانى شیعەکان، عەممار حەکیم لە کۆبوونەوەدا بۆ هەموو لایەنەکان ئاشکراى کردووە کە لایەنى شیعە لە عێراق بەجۆرێک کاردەکەن لانیکەم تا ٥٠ ساڵى دیکە سەرۆکوەزیرانى عێراقییان بەدەستەوە بێت.
ئەو ئەندامە کوردەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەڵێت “دواى هەڵبژاردن هەر حکوومەتێک پێکبهێنرێت و هەر کەسێک سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران بکات، پێویستە کورد و لایەنە کوردییەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن بۆ ئەوەى کێشەکان چارەسەر بکرێن، ئەگەر وەک خولى رابردووى پەرلەمان لە هەندێک بابەت کە پەرتەوازەیی لە نێوان لایەنە کوردییەکان دروست بێتەوە، ئەوا کورد لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق هیچ پێگەیەکى نابێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان”.
ئەندامى لێژنەى ئابوورى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، نەجیبە نەجیب گوتىشی: “حکوومەتى عێراق تا ئێستا زیاتر لە ٨٠ ترلیۆن دینار قەرزارى هەرێمى کوردستانە، ئەمەیش مافى هاووڵاتییان و هەموو چین و توێژەکانى هەرێمى کوردستانە، حکوومەتى عێراق بە چەند بڕیارێکى تاکلایەنانە زەوتى کردوون”.