سەرۆکی ژوور ناوەڕۆکی کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەت دەخاتە ڕوو

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ”ھەموو ئەو کێشەو گیرو گرفتانەی ھەبووە لەکەرتی بازرگانی لەگەڵ سەرۆکی حکومەت باسکراو ئەویش بەڵێنی داوە ھەموو ھاوکاریەکمان بکات”.


سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سليمانی رایگەیاند: کۆبونەوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ ئەنجومەنی ئابوری لە ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدرا کەتایبەت بە ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی پەرە پێدانی ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ھەرێمی کوردستان کە بڕیارە لە ٥/٢ لە ھەولێر ئەنجام بدرێت لەژێر چاودێری سەرۆکی حکومەت کە لەلایەن سکرتاریەتی ئەنجومەنی ئابوری و یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ دەکرێت.


ئاماژەی بەوەشدا گرنگترین ئەو بابەتانەی لە کۆبونوەکەدا باسکران بریتی بوو لە باردودۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان و گەشەدان بە کەرتی پیشەسازی.


راشیگەیاند:کۆبونەوەکەلەسەر داوای یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی بوو کە تیدا ١٧ خاڵمان بە مەبەستی پێشخستنی  ئابوری کوردستان خستە بەردەست ئەنجومەنی وەزیران و گفتوگۆی وردی لەبارەوە کرا، یەکێک لە خاڵە گرنگەکان کە وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوامان کرد  بەگوێرەی ئەو یاسایە کە لەساڵی ٢٠١٢ دەرکراوە و بریار دراوە دەسەڵاتەکان دابەزێنرێت بۆ ئاستی پارێزگاکان بەمەبەستی گەشەدان بە کەرتی پیشەسازی بەڵام بەداخەوە زیاتر لەپێنج ساڵە ئەو کۆبونەوەیە لەسلێمانی سازنەکراوە ئێمە گلەیمان هەبووە لەو بارەیەوە و گلیەکانی خۆمان گەیاندە ئەنجومەنی وەزیران، کۆمەڵێک لەو دەسەڵاتانەش وەرگیراوەتەوە  داوامان کرد ئەو دەسەڵاتانە بگەرێتەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان، تاکو وەبەرهێنان راستەوخۆ لە لیژنەی پارێزگاکانەوە بکرێت بەبێ گەرانەوە بۆ هەولێر.


سیروان محەمەد وتیشی: راپۆرتی خۆمان سەبارەت بە گرنگی ئەو بڕیارە خستە بەردەست ئەنجومەنی وەزیران کە لەساڵی ٢٠١٣دا بەهۆی ئەو بڕیارەوە  زیاتر لە پێنج ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان کراوە، لە دوایی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتەکان وەبەرهێنانێکی ئەوتۆ لە کوردستاندا نەکراوە کە شایەنی باسکردن بێت بۆیە ئەوان بڕیاریاندا کە جارێکی تر دەسەڵاتەکان دابەزێنەوە بۆ ئاستی پارێزگاکان هەوڵ بدەن لە ئایندەیەکی نزیکدا دووبارە کار بەو بریارە بکرێتەوە.


سەرۆکی ژوور ئاماژەی بەوەش کرد یەکێک لەخاڵە گرنگەکانی تر کە لەسەر داوایی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی خرایە بەردەست ئەنجومەنی وەزیران بریتی بوو لەدەرکردنی یاسایی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ کە حکومەتی عێراق بەم یاسایە دەتوانێت پشتگیری لەپاراستنی بەرهەمی ناوخۆ دەکات بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەم بڕیارە لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرنەچووە بۆیە دوامان کرد بەزوترین کات پەرلەمانی کوردستان ئەم پرۆژە یاسایە دەر بکات و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کاری پێ بکرێت ئەنجومەنی وەزیرانیش بریاریاندا بەزوترین کات رێکاری پێوست بۆ دەرکردنی ئەم پرۆژە یاسایە بگرنەبەر.

سیروان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر ئەو ١٧ خاڵە جێبەجی بکرێت هەلی کار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی کوردستان دەرەخسێت و بەرهەمی ناوخۆ زیاتر دەبێت و هاوڵاتیان زیاتر روودەکەنە وەبەرهێنان لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵدا، داوا کاریشین ئەنجومەنی پارێزگاکان هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی بەهەموو لایەکمان ئەم بارودۆخە خراپەی ئێستا بەرۆکی کوردستانی گرتووە چارەسەر بکەین.


سەرۆکی ژوور جەختیکردەوە: بازاڕی عێراق زۆر گەورەیە وڵاتانی دراوسێی هەموو چاویان بریوەتە ئەم بازارە بۆیە زۆر گرنگە ئێمە ئەم بازارە بۆ خۆمان رابکێشین و بتوانین بەرهەمی کوردستان لەشارەکانی ناوەراست و باشوری عێراق ساغ بکەینەوە، یەکێکی تر لە خاڵە گرنگەکان سەبارەت بە گومرکی سەفرە بوو کە داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کرد پێداگری لەسەر لابردنی  گومرکی سەفرە بکات لەبەر ئەوەی بازگەیەکی نایاساییە، یەکێکی تر لەبابەتە گرنگەکان بریتیە لە یەکگرتنەوەی یاسایی گومرکی لە نێوان هەرێمی کوردستان و باشوری عێراقدا.


لەکۆ بونەوەکەدا دواشکرا بازگە نافەرمیەکان لابرێت کەلەنێوان شارەکاندا باج وەردەگرن و زیان بەکاری بازرگانی دەگەیەنێت وە پێویستە ڕێنمایەکانی وەرگرتنی ڕسومات لەدەروازە سنوریەکان یەکانگیر بکرێت بەتایبەتیش ئەو ڕێنماییانەی پێویستە بۆ ھاوردەکردنی کاڵاکان بۆ ھەرێم و فەراھەمکردنی دەوامی فەرمانبەرانی ئەم وەزارەتانە بکرێتە ٢٤ کاتژمێر بەمەبەستی ئاسانکاری و کەمتر تێچونی ھاوردەکردنی کاڵا.


سیروان محەمەد وتیشی ئێمە زۆر سوپاسی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین بەراستی گوێی لێگرتین و پێشنیازەکانی ئێمەی بەدڵ بوو لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبونەوەکە ئامادە بوو وە پشتگیری قسەکانی ئێمەی کرد، هیوادارین بەزووترین کات کار بە پێشنیازەکانمان بکرێت.