حکومەتی عێراق بریارێک لە بەرژەوەندی جوتیارانی کوردستان دەردەکات


حکومەتی عێراق بڕیاریدا هاوردەکردنی سەوزە و باینجان و خەیار قەدەغە بکات کە ئەم بڕیارە لەبەرژەوەندی جوتیارانی کوردستاندایە لەبەر ئەوەی دەتوانرێت بە بەرهەمی جوتیارانی کوردستان پێداویستی سەوزە و میوەی شارەکانی عێراقیش پڕبکرێتەوە.

عەتا محەمەد، نوێنەری کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی بە سایتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی راگەیاند ”هاوردەکردنی سەوزە و باینجان و خەیار بەهەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە چونکە لە ئێستادا نزیک دەبینەوە لەوەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جوتیارانی کوردستان”.

عەتا محەمەد پێی وایە ”ئەم بڕیارە لەبەرژەوەندی جوتیارانی کوردستاندایە بەتایبەتی جوتیارانی شارەزوور کە ساڵانە بەرهەمێکی زۆریان هەیە و دەیخەنە بازاڕەکانەوە، ڕێگە گرتن لە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە دەبێتەهۆی ئەوەی جوتیارانی کوردستان هانبدات زیاتر گرنگی بە بەرهەمهێنانی سەوزە و میوەی ناوخۆی بدەن، بڕیارکە لە ئێستادا لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە و بەهیچ شێوەیەک رێگە نادرێت باینجان بێتە ناو عێراق و کوردستانەوە.

وەسفی خەلیل ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند ”بریاری قەدەغەکردنی هاوردەی سەوزە و میوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە زۆر گرنگە بۆ جوتیارانی کوردستان لەبەر ئەوەی لەمانگی پێنجەوە بەرهەمی جوتیارانی کوردستان لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە و بیرمان لەوە کردۆتەوە هەناردەی دەرەوەی بکەین”.

ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازگانی و پیشەسازی سلێمانی وتیشی ”لەئێستادا شارەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق بەهۆی شەری داعشەوە هاوڵاتیان دوور کەوتونەتەوە لەکشتوکاڵ کردن بۆیە ئێمە دەتوانین بەرهەمی جوتیارانی کوردستان بنێرین بۆ ئەو شوێنانە، لەمانگەکانی ٦ و ٧ و ٨ پلەکانی گەرما لە ناوەراستی عێراق زۆر بەرزە و سەوزە و میوەی لێ بەرهەم نایەت بۆیە ئەو ناوچانە بازاراێکی باشە بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمی جوتیارانی کوردستان ”.

وەسفی خەلیل وتیشی ”لەشاری سلێمانی ١٣ هەزار خانوی پلاستیکی هەیە کە بەرهەمەکانیان زۆر لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە خۆشبەختانە ئەگەر سنورەکان دابخرێت دەتوانین بەرهەمەکان لە باشور و ناوەراستی عێراق ساغ بکەینەوە”.