عێراق كۆگاى نه‌وتى حه‌مام عه‌لیلى به‌كار خستووه‌ته‌وه‌

وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق رای گه‌یاند، كۆگاى نه‌وتى حه‌مام عه‌لیلى به‌كار خستووه‌ته‌وه‌ كه‌ 75 ملیۆن لیتر ده‌گرێت.

به‌ پێى هه‌واڵێكى رۆژنامه‌ى سه‌باحى عێراق، ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا گه‌یاندووه‌، دووباره‌ كۆگاى ئه‌مباركردنى نه‌وتى حه‌مام عه‌لیلى به‌كار خستووه‌ته‌وه‌.

 وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، ئه‌م كۆگایه‌ به‌ گه‌وره‌ترین كۆگاى ستراتیجى داده‌نرێت بۆ ئه‌مباركردنى نه‌وت و پێكهاته‌ نه‌وتییه‌كان له‌ شارى مووسڵ و ته‌واوى عێراق.

وه‌ك له‌ زانیارییه‌كانى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق هاتووه‌، تواناى ئه‌مباركردنى ئه‌م كۆگایه‌ 75 ملیۆن  لیتره‌، له‌وانه‌ 60 ملیۆن لیتر زه‌یتى گاز (گازوایل) 15 ملیۆن نه‌وتى سپى ده‌گرێت.

وێڕاى به‌كارخسته‌وه‌ى كۆگاكه‌، تواناى ئه‌مباركردنى كۆگاكه‌ بۆ ملیۆنێك و 500 هه‌زار لیتر به‌نزین زیاد كراوه‌.

 وه‌زاره‌تى نه‌وت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات به‌كارخستنه‌وه‌ى ئه‌م كۆگایه‌ له‌لایه‌ن تیمه‌كانى وه‌زاره‌ته‌كه‌وه‌ بووه‌.

 ئه‌م كۆگایه‌ و چه‌ندان پاڵه‌وگه‌ و بیرى نه‌وتى زیاتر له‌ سێ ساڵ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى رێكخراوى تیرۆریستى داعشدا بوو، به‌شێكیان له‌ ئه‌نجامى شه‌ڕه‌كان له‌كار كه‌وتبوون.