به‌غدا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ دیكه‌ بۆ هه‌رێم نانێرێت

سه‌باره‌ت به‌ ناردنی 317 ملیار دینار له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، بۆ موچه‌خۆرانی هه‌رێم، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و نزیك له‌ سه‌رۆك وه‌زیران، رایگه‌یاند: به‌غدا هیچ بودجه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نانێرێت و په‌یامێك ئاراسته‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌كات.

جه‌بار عه‌بادی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگه‌یاند: ناردنی بڕی 317 ملیار دینار بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌مانگی ڕابردوودا، وه‌ك نیازپاكیه‌ك بوو به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی وتیشی: له‌مه‌ودوا ناردنی پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم په‌یوه‌سته‌ به‌جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كانی عیراق له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه،‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ڕاده‌ستكردنی بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ به‌كۆمپانیای سۆمۆ له‌گه‌ڵ هه‌موو داهاته‌ فیدراڵییه‌كان، ئه‌و خاڵانه‌ش له‌یاسای بودجه‌ی 2018 ئاماژه‌ی بۆكراوه.

جه‌بار عه‌بادی نزیك له‌حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ snn ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌نه‌بێت بڕی‌ نه‌وت و داهاته‌ فیدراڵیه‌كان ڕاده‌ستی ناوه‌ند بكات، ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌غدا هیچ جۆره‌ پاره‌یه‌ك بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم نانێرێت.

ناوبراو ئاشكرایكرد، له‌دوای ئه‌و پاره‌یه‌ی چه‌ند ڕۆژێك پێش نه‌ورۆز بۆ هه‌رێم نێردرا، هیچ گوژمه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نه‌نێردراوه‌، چونكه‌ ناردنی هه‌ر بودجه‌یه‌كی دیكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌مه‌رجه‌كانی حكومه‌تی عیراقه‌وه‌.

په‌له‌مانتاره‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا وتی: ده‌بێت موچه‌خۆرانی هه‌رێم ئه‌و ڕاستییه‌ بزانن،‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ته‌كه‌یان پابه‌ندنه‌بێت به‌ڕاده‌ستكردنی نه‌وت و داهاته‌كان، ئه‌وه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر موچه‌كانیان دروست ده‌بێت، بۆیه‌ باشتروایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بێته‌ ژێرباری یاسا بودجه‌ی 2018.

جه‌بار عه‌بادی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، تا ئێستا به‌ فه‌رمی هیچ به‌حكومه‌تی عیراق نه‌وتراوه‌ له‌باره‌ی سه‌ردانی وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی پرسی نه‌وت و بودجه.