هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه بڕیاره له 12ی مانگی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت بازاڕی سیاسییه‌كانی به‌ته‌نها گه‌رم نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵكو هه‌زاران كرێكار و سه‌دان چاپخانه و زۆری دیكه‌شی له‌گه‌ڵ خۆیدا سه‌رقاڵ كردووه و بازاڕی بۆ دۆزیوونه‌ته‌وه.
ئێستا كه وه‌رزی بانگه‌شه‌یه بۆ ئه‌و كاندید و قه‌وارانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت بگه‌نه كورسییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، چاپخانه‌كان پڕبوون له پۆسته‌ری ئاخنراو به دروشم و وێنه و به‌رنامه‌ی كاندیده‌كان و هه‌ریه‌ك به شێواز و جۆرێك، هه‌روه‌ها كرێكار و كاندید و پۆسته ئاوا جمه‌یان دێت هه‌ریه‌ك خه‌مێكی له كۆڵه كاندیده‌كان كورسی و كرێكاره‌كانیش پاروویه‌ك نانی چه‌ور.
سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی چاپخانه‌كانی كوردستان، سۆران عه‌بدولڕه‌حمان كه له‌هه‌مانكاتدا خاوه‌نی چاپخانه‌یه باس له‌و جووڵه بازرگانییه ده‌كات كه كه‌وتووه‌ته ئیشوكاری ئه‌وانه‌وه و ده‌ڵێت “هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2014 جیاوازییه‌كی زۆری هه‌یه، له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان به ئاماده‌كاری و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی باشتر و ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت و كاتی زیاتر بۆ كاندید و قه‌واره‌كان بۆ خۆ ئاماده‌كردن كاتێكی زیاتری ره‌خساندووه ئه‌مه‌ش وایكرد چاپخانه‌یه‌كان زیاتر خۆیان ئاماده‌بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی ئیشوكاره‌كان و كاندیده‌كانیش زیاتر له‌رووی كوالیتی و بانگه‌شه و دروشمه‌كانییانه‌وه باشتر خۆیان ئاماده‌بكه‌ن”.
له‌باره‌ی نرخی چاپ و كه‌لوپه‌له‌كانیشه‌وه، سۆران عه‌بدولڕه‌حمان ده‌ڵێت “نرخی كه‌لوپه‌ل و مادده‌كان له ئێستادا رێژه‌ی نزیك به 10 له‌سه‌دی هاتووه‌ته سه‌ر له چاو پێشوو، به‌ڵام دیار نییه هۆكاره‌كه‌ی چییه ئایا جیهانییه و له‌دونیا ئه‌و كه‌لوپه‌ل و كاغه‌زانه زیادبوون، یان هۆكاری شه‌ڕ و شتی له‌و بابه‌ته‌یه، له‌به‌رامبه‌ردا نرخی چاپ هاتووه‌ته خواره‌وه به رێژه‌ی 15 بۆ 20 له‌سه‌د كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆی چاپكردنی دروشم و بانگه‌شه و به‌رنامه‌ی كاندیدان و پۆسته‌ره‌كانییان ده‌بێت”.
بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق 12ی ئایاری 2018دا، حەوت هه‌زارو 188 كاندید له نزیك به 100 قه‌واره و هاوپه‌یمانێتی ركابه‌رایه‌تی له‌سه‌ر 329 كورسیی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تادێت ته‌كنه‌لۆژیا و سیسته‌م و شێوازه‌كانی بانگه‌شه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان له پێشكه‌وتنی خێرایه، به‌ڵام هێشتا له وڵاتانی رۆژهه‌ڵات و به‌تایبه‌ت له عێراق به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه كاغه‌ز هۆكاری سه‌ره‌كییه بۆ ده‌رچوونی كاندیده‌كان له پاڵ پشت به‌ستن به تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سه‌ردانی راسته‌وخۆ و ده‌ركه‌وتن به ده‌نگ و ره‌نگه‌وه.
سۆران عه‌بدولڕه‌حمان كه له‌و كاته‌ی بۆ لێدوان وه‌رگرتن چووینه لای سه‌رقاڵی كاره‌كانی ئاماده‌كاریی بوو بۆ چاپكردن ئاماژەی بەوە کرد کە هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌رفه‌تی باشن بۆ وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ئه‌و چاپخانانه‌ی ماوه‌یه‌كه به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی داعش و پاشه‌كشێی خوێندنه‌وه ئیشه‌كانییان به‌ره‌و كزی غلۆر بووه‌ته‌وه، ئه‌و له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت “چه‌ند ساڵێكه به‌هۆی شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی و ئه‌و كێشانه‌ی دیكه كه هه‌ن چاپخانه‌كان كه‌وتبوونه دۆخێك كه تاراده‌یه‌كی زۆر بازاڕیان كه‌م بووبوویه‌وه، به‌ڵام ئێستا له‌رێگه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخه‌كانییان و ده‌رفه‌ت له چه‌شنی هه‌ڵبژاردنه‌كان دیسانه‌وه خه‌ریكه ده‌كه‌ونه‌وه سه‌ر پێ، به‌تایبه‌ت چه‌ندین پارێزگای دراوسێی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانن و كاندید و قه‌واره‌كانییان دێن لێره ریكلام بۆ خۆیان چاپ ده‌كه‌ن، وه‌كو كاندیده‌كانی مووسڵ و تكریت و شوێنی دیكه‌ش، ئه‌مه‌ش وایكردووه ئه‌و چاپخانانه‌شی كه پێشتر بێ ئیش بوون یان كرێكارییان كه‌مكردنه‌وه ئێستا دووباره بكه‌ونه‌وه ئیشكردن و سه‌رقاڵ بوونه‌ته‌وه”.
له هه‌رێمی كوردستاندا 163 چاپخانه هه‌ن كه مۆڵه‌تی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی حكوومه‌تی هه‌رێمیان وه‌رگرتووه، زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌م چاپخانانه سه‌ر به كه‌رتی ئه‌هلیین، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین چاپخانه‌ی هه‌یه كه موڵكی خۆین و بۆ كاروباری خۆی و هه‌ندێك جار كاروباری بازرگان‌یش به‌كارییان ده‌هێنێت. سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی چاپخانه‌كانی كوردستان كه هاوكات خاوه‌نی چاپخانه‌ی شه‌هابه رایدەگەێنت کە هه‌ر كاتێك ئاماده‌سازی زیاتر بوو كوالیتی و خزمه‌تكگردنه‌ش باشتر ده‌بێت.
سه‌رباری كاغه‌ز و ریكلامی دیكه‌ی وه‌كو فلێكس و هه‌ڵواسینی وێنه و دروشم و دابه‌شكردنی دروشمه‌كانییان كاندیده‌كان پشت ئه‌ستوورن به تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ته‌كنه‌لۆژیا، به‌تایبه‌ت قه‌یرانی دارایی كه له‌ساڵی 2014ه‌وه ته‌نگی به‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵچنیوه وایكردووه پێچه‌وانه‌ی رابردوو حزب و كاندیده‌كان ئه‌مجاره نه‌توانن له چه‌شنی پاره به‌خشینه‌وه، شتی دیكه‌ش دابه‌ش بكه‌ن وه‌كو شێوازێك له شێوازه‌كانی كڕینی ده‌نگ.
ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێم چه‌ندین رێنماییان ده‌ركردووه بۆ كاندید و قه‌واره‌كان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆن تا بانگه‌شه‌كان نه‌بنه هۆكارێك بۆ شێواندنی ژینگه و هه‌ر له ئێستاوه كاندیده‌كان خه‌می پێش هه‌ڵبژاردن و شاره‌وانی و ژینگه‌ش خه‌می دوای هه‌ڵبژاردنییانه كه هه‌ریه‌كێك و به چاوێك خه‌ونه‌كه‌ی ده‌بینێت، كاندیده‌كان خه‌می ده‌رچوون و بردنه‌وه و ژینگه و شاره‌وانیش خه‌می پیسكردن و پاككردنه‌وه‌ی ژینگه و شوێنه‌كان.
سۆران عه‌بدولره‌حمان له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت هێشتا كاندیده‌كان پشت به كاغه‌ز وه‌كو فاكته‌ری سه‌ره‌كی بۆ سه‌ركه‌وتنییان ده‌به‌ستن له مه‌سه‌له‌ی ریكلامدا، ئه‌و روونی ده‌كاته‌وه “له هه‌رێمی كوردستان و عێراقیشدا كاغه‌ز هێشتا فاكته‌ری به‌هێزه بۆ كاندیده‌كان و بانگه‌شه‌كانییان، چونكه هێشتا شێوه‌ی كلاسیكی ریكلامی گرنگی زیاتری پێده‌درێت و باوه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هێشتا كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به‌ته‌واوه‌تی هه‌مووی خاوه‌نی ئینته‌رنێت نییه تا بچێت و ئاگاداری تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و هه‌واڵه‌كان بێت، بۆیه هێشتا ریكلامی له‌چه‌شنی هه‌ڵواسینی وێنه و پۆسته‌ر له پێشه‌وه‌یه”.
ئه‌و ده‌شیوت كه هێشتا ئینته‌رنێت و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییان نه‌بوونه‌ته ئه‌ڵته‌رناتیڤی كاغه‌ز و پۆسته‌ر و وێنه‌ی كاندیده‌كان به‌هه‌ڵواسین، ئه‌گه‌ر كاریگه‌ریشییان هه‌بووبێت ئه‌وا كه‌مه.
له كۆتایی قسه‌كانیدا خاوه‌نی چاپخانه‌ی شه‌هاب كه تا ئێستا چه‌ندین كاندیدی لایه‌ن و دید جیاواز بۆ چاپكردنی بانگه‌شه‌كانییان سه‌ردانییان كردوون و پۆسته‌ر و به‌رنامه و وێنه‌كانییان له‌لا چاپكردوون ده‌یوت به‌هۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه پیشه‌سازیی چاپ ده‌بووژێته‌وه و ئێستا بازاڕی ئه‌وان به‌ره‌و باشتر چووه له‌چاو ساڵی رابردوو یان پێشتری.
بڕیاره سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه 15ی نیسان به‌پێی رێنماییه‌كانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بانگه‌شه‌ی حزب و قه‌واره و هاوپه‌یمانێتی و كاندیده‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ست پێ بكات كه له 12ی ئایار بەڕێوەدەچێت، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكه بۆ بووژانه‌وه‌ی ئابووری له چه‌ند كه‌رتێكدا له وێنه‌ی پیشه‌سازیی چاپ.