قوباد تاڵەبانی پڕۆژەی “خزمەت” جێبەجێ دەکات

لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم، جێگری سەرۆک وەزیران پرۆژەیەکی ستراتیجی بەناوی (خزمەت)، بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان، دەخاتە روو، جەختیش دەکاتەوە کە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە باشترین شێوە خزمەتی هاوڵاتیانی بکات.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، بەمەبەستی خستنە ڕووی ناوەڕۆک و چۆنیەتی جێبەجێ کردنی پرۆژەیەکی ستراتیجی بەناوی (خزمەت)، لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم و وستافی پرۆژەی خزمەت، کۆبوویەوە.

تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی دەستپێکردنی پرۆژەی خزمەت و هۆکارەکان و گرنگی پەیڕەو کردنی ئەو پڕۆژەیەی خستەروو وەک بەشێک لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم، جەختیشی کردەوە کە مەبەست لە جێبەجێکردنی تەنها باشتر خزمەت کردنی هاوڵاتیانە. وتیشی ” ئەرکی حکومەت بریتیە لە پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و گەیاندنی خزمەتگوزاریە تایبەت و گشتیەکانە”.

دواتر داوای لە بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتەکان کرد، هاوکار بن لەگەڵ تیمەکانی پڕۆژەی خزمەت بۆ ئەوەی لە نزیکترین دەرفەتدا بتوانن ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکەن لەهەموو داموودەزگاکانی حکومەت و ڕۆتین کەم بکرێتەوە وبە باشترین شێوە خزمەتەکان پێشکەش بکرێن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەش، بەڕێوبەری دیوانی وەزارەتەکان سەرنج و تێبینی و پرسیارەکانی خۆیان خستە ڕوو و لەلایەن بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران وەڵام درانەوە.