گەورەترین کێشەی بازرگانانان لەگەڵ عێراق لە بازگەی عوزێمە

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، کە هاوکات سەرۆکی دەستەی شار و شارۆچکەکانی پیشەسازییە رایده‌گه‌یه‌نێت “ئێستا گەورەترین کێشەمان لە بازگەی عوزێمە، کە تا ئێستا ئەم کێشەیە بەردەوام بووە، ئەو بازگەیە هی حەشدی شەعبییە و بەپێی ئەو زانیارییانەی بازرگانان دەیڵێن ڕسوومات و شتی دیکەش وەردەگرن”.

عەبدولڕەزاق عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایگه‌یاند “بەدڵنییاییەوە بازاڕی هەرێمی کوردستان ئەو بازاڕە نییە کە تەغتییەی ئەم هەموو بەرهەمە بکات کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بۆیە هەرێمی کوردستان دەبێ بازاڕێکی دیکە بدۆزێتەوە. هەرێمی کوردستان بازاڕێکی 6 ملیۆنییە، بەڵام بازاڕی عێراق 30 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، لە هەموو بوارەکاندا بەرهەممان هەیە. ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵ بووین و گوتوومانە نابێ لە بازگەی عوزێم هیچ رسووماتێک وەربگیرێت، بەپێی دەستووری عێراقیش قەدەغەیە بازگەی وەرگرتنی ڕسوومات هەبێت و ئەمە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە”.

عەبدولڕەزاق عوسمان  سه‌باره‌ت به‌ هاندانی كه‌رتی پیشه‌سازی وتی “لەم قەیرانەی ئێستادا ئەستەمە بتواندرێت یارمەتییەکی تێر و تەسەلی کەرتی پیشەسازی بدرێت، بەڵام بەپێی یاسای 25ی ساڵی 1992، هەم زەوی بۆ پیشەسازکاران دابین دەکرێت و هەمیش قەرز دەدرێت و لە گومرگەکانیش دەبەخشرێن، ئێستا بەهۆی قەیرانی داراییەوە، قەرز بە کارگەکان نادرێت، بەڵام زەوییان بە نرخێکی رەمزی پێ دەدرێت و لە گومرگەکانیش لێیان خۆش دەبن، کە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی، ئەو کارگانەی کە لای ئێمە تۆمار کراون، نووسراویان بۆ دەکرێت، تاوەکوو لەو کاڵایانەی هاوردەیان دەکەن، خۆش بن، بەڵام کەرەستەی خاو و ئامێر و پێویستییەکانی کارگەکە دەگرێتەوە”.

وتیشی، ئەگەر ئێستا لەگەڵ ساڵانی 2013 و 2014 بەراورد بکەین، دەبینین 3650 کارگەمان هەیە، لەو ژمارەیەدا بەشێکی زۆریان کارگەی بیناسازین و بەداخەوە لەگەڵ ئەم قەیرانە داراییەی هەیە، کارگە بیناسازییەکان زۆرینەیان لەکار وەستاون و کار ناکەن، چونکە بەڵێندەرایەتی نەماوە و پرۆسەی بیناسازییش لە هەرێمی کوردستان بەرەو کەمی ڕۆیشتووە.

لە ساڵانی 2015 و 2016 و 2017دا، زۆرینەی ئەو کارگە بچووکانەی لە هەرێمی کوردستاندا پێشتر کاریان دەکرد، کارگە بچووک و مامناوەندییەکان بەگەڕ خراون، کە لە کەرتی جلوبەرگ و خۆراکدا کاریان دەکرد، بەرەو پێشکەوتنیش دەچن، چونکە نرخەکانیان لە کاڵای هاوردەکراوی دەرەکی کەمترە و دەتوانن پێویستییەکانی هاووڵاتییانی کوردستان دابین بکەن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد‘ “هەرێمی کوردستان له‌ئێستادا بەرهەمەکانی (چیمەنتۆ، ڕۆنی سەیارە، ڕۆنی زەیت، ئاسن، پێستە، هەندێک جاریش جۆرەکانی بەردی خاو) هەناردەی دەرەوە دەکات”.