“هه‌رێم پێشنیازیكردووه‌ 16 ملیار دۆلار قه‌رزه‌كه‌ی بخرێته‌ سه‌ر قه‌رزه‌كانی عێراق”

راوێژکاری میدیایی، قوباد تاڵەبانی دەڵێت کە بەغدا بەڵێنی داوە مانگانە پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم رەوانە بکات.

– “رێژەی ٥٥ لەسەدی نەوتی ھەرێممان لەدەستداوە”

 پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەچی ئاستێکدایە؟

سەمیر ھەورامی: لەدوای ئەو ریفراندۆمەی لە ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧ ئەنجامدرا حکوومەتی عێراق ژمارەیەک ھەنگاوی نا لەدژی ھەرێم، ئەوەی کە زیاترین زەرەری بە ھەرێمی کوردستان گەیاند، وەرگرتنی رێژەی ٥٥ لەسەدی ئەو نەوتە بوو کە لەژێر دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان بوو ئەوەش ئاقار و شوێنەوارێکی خراپی لەسەر ئابووریی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی دروست کرد، دواتر کە ھێزی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ھاتنە کەرکووک و پەیوەندییەکان بەرەو خراپی چوون.

لە ئێستادا پەیوەندییەکی باش لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ھەیە تا ئەو ئاستەی مۆڵەت درا فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێنەوە، هەروەها بڕێک بوودجە نێردرا بۆ ھەرێمی کوردستان ھەرچەندە لە ئاست تموحی ھەرێمی کوردستان نییە و ئێمە بە شایستەی دارایی تەواوی خۆمانی نازانیین.

دوایین کۆبوونەوەی باڵا لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لە داڤۆس بوو لە سویسرا لە نێوان ھەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی و سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام گرنگترین شت لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ھەندێک لێژنەی ھونەریی و یاسایی ھەن کە تا ئێستا کۆبوونەوەکانیان بەردەوامە، دەتوانم بڵێم ھەفتانە یان دوو ھەفتە جارێک لەبارەی ئەو کێشە ھەڵپەسێردراوانەی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق بگەنە چارەسەر. 

سەمیر ھەورامی: لە راستییدا لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ تاوەکو ئێستا لە عێراقی نوێ وەکو پێی دەڵێن ھیچ شتێک نییە بە ناوی دەستوور و یاسا، ئەوەی ھەیە بریتییە لە رێککەوتنی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکان، رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان زاڵترە بەسەر دەستوور و یاسا و چەندین نموونەمان ھەیە کە لە دەستووردا شتێک ھەیە، بەڵام لەبەر رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان شتێکی تر جێبەجێ دەکرێت.

ئێمە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جگە لە رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا لە ١٤ی مانگی دوانزەی ساڵی ٢٠١٤ ھیچ رێککەوتنێکی ئیمزاکراومان نییە، ئەوەی ھەیە ئەوەیە لێژنە ھونەری و یاساییەکانی ھەردوولا رەشنووسیان ھەیە بۆ نموونە لەبارەی نەوت، وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێم و وەزیری نەوتی عێراقی چەندین کۆبوونەوەیان کردووە و لەسەر ئەو پرسە رێککەوتوون کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ھەموو نەوتی خۆی بدات بە بەغدا لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە حکوومەتی بەغدا ھەناردەی بکات و داھاتەکەشی بچێتە گەنجینەی دەوڵەتەوە، بەڵام بەرامبەر بەچی؟ بەرامبەر بەوەی حکوومەتی عێراقی پابەند بێت بە ناردنی بوودجە بۆ ھەرێمی کوردستان، شایستە داراییەکانی ھەرێم بەتەواوەتی بنێرێت بۆ ھەرێمی کوردستان نەوەک بە پچڕپچڕی. 

– “ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٢٤٩ ھەزار و ٨٨١ کەس مووچەخۆری ھەیە”

لەسەر پرسی نەوت، سنوور و داھاتەکان ھیچ رێککەوتنی کۆتایی ھەیە لەگەڵ بەغدا؟

سەمیر ھەورامی: ھیچ رێککەوتنێک ئیمزا نەکراوە تەنھا رەشنووس نەبێت. لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق شەش لێژنە ھەبوو کە شەش کۆنووسیان ئیمزاکردووە سەبارەت بە نەوت، فڕۆکەخانەکان، دەروازەسنوورییەکان، بەنداوەکان، ئیقامە و پاسەپۆڕتیش. رێککەوتنی ھونەری ئیمزاکراوە، بەڵام دواجار بڕیاری سیاسی زاڵتر دەبێت بەسەر رێککەوتنەکاندا، مەسەلەی ناردنی بوودجە بە نموونە کە ناردنی ٣١٧ ملیار دینار بوو ئەمە بە رێککەوتن نەبوو، ئەمە ویستی سیاسیی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە کە ئەوەی خواستووە ئەو پارەیەی بنێردرێت، چونکە رێژەی زیاتر لە ٥٥ لەسەدی نەوت لەژێر دەسەڵاتی ھەرێم نەماوە لە ١٦ی ١٠ی ساڵی رابردووەوە، ئێمە کرێچی بەغدا نیین لە راستییدا، بۆیە دەبێت بەغدا وەکو شایستەی دارایی بوودجە بنێرێت، ئەوەی تا ئێستا ناردوویەتی ٣١٧ ملیار دینارە کە تموحی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نییە و بە شایستەی دارایی خۆمانی نازانیین، لەبەرامبەردا ئێمە بڕێک نەوت بە رەسمی لە رێگەی بۆرییەوە ھەناردە دەکەین کە رۆژانە زیاتر لە ٣٠٠ بەرمیل دەبێت و ئەویش بڕێک داھاتمان بۆ دەستەبەر دەکات. لە ئێستادا لەگەڵ ئەو ٣١٧ ملیارە بڕی ٧٢٠ ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان تەرخان دەکەن. لە ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٢٤٩ ھەزار و ٨٨١ کەس مووچە وەردەگرێت بە خانەنیشین و فەرمانبەر و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و ھەموو مووچەخۆران. کۆی مووچەی شایستەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بە بێ پاشەکەوت بریتییە ٨٩٠ ملیار دینارە، بەڵام بە حوکمی ئەوەی بارودۆخی داراییمان باش نییە لە ئێستادا سیستەمێکی نوێمان داناوە کە بەو سیستەمە نوێیە ئێمە بڕی ٧٢٠ ملیار دینار بۆ مووچەخۆارنی ھەرێمی کوردستان تەرخاندەکرێت.

 ئەو ٣١٧ ملیار دینارەی بەغدا ناردوویەتی بەردەوام دەبێت لە ناردنی؟ یان بڕەکەی زیاتر دەبێت؟

سەمیر ھەورامی: بە پێی پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ پشکی ھەرێمی کوردستان لەوە زیاترە، تەنھا ئەوەی روونە لەناو پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق مانگانە ٤١٨ ملیار دینارە، بەڵام تا ئێستا ٣١٧ ملیار دیناریان ناردووە، جگە لەو بڕە پارەیە ئێمە ٣٨ ملیار دینارمان ھەیە تەنھا بۆ ھێزی پێشمەرگە کە دەبێت لە بوودجەی سیادی ببڕدرێت و بۆمان بنێردرێت، پێش چەند رۆژێکیش پەرلەمانی عێراق بە خۆشحاڵییەوە یاسایەکی پەسەند کرد سەبارەت بە ئیمتیازات و مووچەی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی کە دەبێت لە بوودجەی فیدڕاڵی بە ھەرێمی کوردستان بدرێت کە ئەویش بڕەکەی ٣٨ ملیار و نیو بۆ گەنجینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، تا ئێستا نەیاناردووە، چاوەڕێین ئەو پڕۆژە یاسایە بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و بەغداش ئەو بوودجەیەمان بۆ بنێرێت کە چاوەڕێین و دەبووایە زووتریش بنێردرایە وەکو چۆن بوودجە ھەیە پێی دەڵێن سیادی وەکو ئەوەی فەرمانبەرانی بەنداوەکان کە ٤٢٩ کەس ھەن و دەبێت بەغدا مووچەیان بداتێ، بەڵام چەندین ساڵە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مووچەیان دەداتێ، ئەوە ئێستا سێ مانگە حکوومەتی عێراق مووچەکەیان دەدات ھەرچەندە بوودجەکەیان زۆر نییە لە راستییدا ھەموو بوودجەکە ٤٨٨ ملیار و ٨٠٥ ھەزار دینارە، بەڵام چەند ساڵێک بوو بەغدا ئەو پارەیەی نەدەنارد، ئێستا خۆشبەختانە سێ مانگە بوودجەکەیان لە بەغداوە دێت وەکو ئیقامە و پاسەپۆڕت و رەگەزنامە و کارتی نیشتمانی کە ئەمە بە پێی یاسا و بە پێی دەستوور بە حوکمی ململانێی سیاسی بەداخەوە ئەو توێژانە زەرمەند بوون.


سیستەمی نوێی مووچە لە ھەرێمی كوردستان گەرەنتی ھەیە بۆ بەردەوام بوونی؟
سەمیر ھەورامی: ناھەقی لە مووچەخۆری ھەرێمی كوردستان ناگرم، ئێمە بە بڕیارێكی زۆرەملێ بڕیارماندا كە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان بە سیستەمی پاشەكەوت دابەش بكەین و زۆرینەی مووچەخۆران لەسەدا ٤٠ و ٥٠ ی مووچەكانییان وەردەگرت، ئەمەش وایكرد مووچەخۆران متمانەیان بە ھەرێمی كوردستان نەبێت، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە لێواری داڕماندا بوو لە راستیدا بۆیە ئەم بڕیارەی دا و ھیچ بژاردەیەكی تری لەبەردەمدا نەبوو، خۆشبەختانە ئێستا دەتوانین مانگانە بڕی ٧٢٠ ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان دابین بكەین، لەبارەی بەردەوامیی ئەم سیستەمەشەوە من بۆخۆم رۆژانە لەگەڵ گوتەبێژی حكوومەتی عێراق، سەعد حەدیسی پەیوەندییمان ھەیە چی لەسەر ئاستی كەسی و فەرمیش بێت، گوتراوە كە مانگانە ئەو ٣١٧ ملیار دینارە دەنێرن، تەنانەت دوێنیش پەیوەندییمان پێوەكردن باسیان لەوەكرد كە ئەوان دەینرێن، تەنانەت داوای ئەوەشیان كردووە كە چی داھاتمان لە رێگەی نەوت دەست دەكەوێت و چەندمان لە رێگەی ترەوە دەست دەكەوێت، بەندە ئەوانەم بە نووسراو بۆ نووسینگەی حەیدەر عەبادی ناردووە و ئاگادارمان كردووە كە ئەوەندە بوودجەمان ھەیە و ئەوەندەشمان پێویستە بیدەینەوە بە قەرز بۆیەش نەمانتوانیوە مووچەی تەواوی فەرمانبەران دابین بكەین.

– “٥٥ ھەزار كەس لە لیستی مووچەخۆران دەرھێنراون كە بەشی زۆریان دوو تا سێ مووچەیان ھەبووە”

كەی حكوومەتی ھەرێم پاشەكەوت لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم ھەڵدەگرێت؟

سەمیر ھەورامی: لە راستییدا پاشەكەوت شتێك نییە بڵێین موستەحیلە ناتوانیین ھەڵیبگرین، ئێستا حاڵی حازر حكوومەتی ھەرێم پڕۆژەی یاسای خانەنشینی ناردووەتە پەرلەمان، پەسەندكرا و بەداخەوە گەڕێنرایەوە، بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە ١٠٠ ملیار دینارمان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمە لەگەڵ ئەو ٣٨ ملیار و نیوەی پەرلەمانی عێراق پەسەندی كرد كە دەبێت بنێردرێت بۆ كەسوكاری شەھیدان و زیندانییانی سیاسی، لەگەڵ ئەو ٣٨ ملیار دینارەی پشكی ھێزەكانی پێشمەرگەیە ئەگەر ئەمانە بنێرن ئەوا دەتوانین پاشەكەوت لەسەر مووچە بەتەواوەتی ھەڵبگریین، ئێمە تەنھا ١٧٠ ملیاردینارى ديكەمان پێویستە بۆ ئەوەی مووچەی تەواو بدەین بە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم. 

حكوومەتی ھەرێم دەستەوەستان نەوەستاوە بۆ ئەوەی مووچەی تەواوەتی مووچەخۆرانی ھەرێم دابین بكات و كار بۆ ئەوە دەكات و چەندین پرۆژەی چاكسازییمان ھەیە كە یەكەم و گەورەترینیان پڕۆژەی بایۆمەترییە كە لە رێگەیەوە توانییمان ٥٥ ھەزار كەس لە لیستی مووچەخۆران كەم بكەینەوە، پێشتر دەمانگوت كە یەك ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار مووچەخۆرمان ھەیە بە قوتابییانی زانكۆوە، بەڵام ئێستا یەك ملیۆن و ٢٤٩ ھەزار و ٨٨١ كەس خۆیان لەو سیستەمە تۆماركردووە واتە ئەوەندە مووچەخۆرمان ھەیە، ئەو ٥٥ ھەزار كەسە بەشی ھەرە زۆریان ئەوانەن كە دوو مووچە و سێ مووچەی نایاساییان ھەبووە، ھەروەھا لە وەزارەتی كار بەرنامەیەك دەستپێكرا بۆ ئەوانەی خاوەن پێداویستی تایبەت كەم بكرێنەوە. 

دەگوترێت سەردانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لە ئارادایە، ئەمە راستە؟

سەمیر ھەورامی: لە دوایین كۆبوونەوە لە داڤۆس بڕیاردرا كە شاندێكی باڵای حكوومەتی ھەرێم سەردانی بەغدا بكات، بەڵام ھێشتا كاتەكەی دیاری نەكراوە، پێدەچێت لەماوەیەكی نزیكدا شاندەكە سەردانی بەغدا بكات بۆ ئەوەی بەیەكجاری ئەو كێشانەی بە ھەڵپەسێردراوی ماون چارەسەر بكرێن، شاندەكە ھێشتا دیار نییە كێن، بەڵام كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن. لە دوای رووداوەكانی دوای ریفراندۆم ئێمە رامانگەیاندووە كە دەرگامان كراوەیە بۆ گفتوگۆ بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكەین و ھەوڵی ئەوە دەدەین كێشەكان چارەسەر بكرێن و كە بە شێوەیەكی كۆنكرێتی بێت پێچەوانەی پێشوو كە بۆ ماوەیەكی كاتی بووە یان لایەك پابەند نەبووە و ھەڵوەشێنراوەتەوە، بۆیە ئەمجارە دەمانەوێت ھەردوولامان پابەندبین بە دەستوورەوە و ئەوەش ببێتە رێچكەیەك بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەنێوانماندا ھەیە، ئێمە ئامادەشین موساوەمە لەسەر ئەو بڕیارانە بكەین كە دەبێت لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقدا بن بەپێی یاسا و بەپێی دەستوور.

– “ھەرێم ئامادەیە نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆرییەوە ھەناردەی توركیا بكرێت”

دەگوترێت لە سەردانەكەی شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا باس لە ھەناردەكردنی نەوتی كەركووكیش دەكرێت بۆ ئێران، چی زانیاریی نوێ لەمبارەیەوە ھەیە؟ 

سەمیر ھەورامی: حكوومەتی عێراق خۆی دەستی بەم پڕۆژەیە كردووە، چونكە ئێستا ھەناردەكردنی نەوت لە رێگەی تانكەرەوە تێچوونێكی زۆری دەوێت، رۆژانە ئێستا ٣٠ بۆ ٦٠ ھەزار بەرمیل بۆ ئێران دەنێرێت، ئێمە كە پێش ئەوەی سەردانی ئێران بكەین لە بەغدا باسی ئەو مەسەلەیەمان كرد و بەڕێزان سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم بە بەڕێز عەبادی-یان گوتووە كە ھەرێم ئامادەیە نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆریی نەوتی ھەرێم بۆ توركیا ھەناردە بكات، ئەوان خۆشحاڵ بوون بەو ئاسانكارییە، تەنھا كرێی بۆریی داواكراوە كە كۆمپانیایەك دەبێت، بەڵام ھێشتا وەڵامی ئەوەیان نەداوینەتەوە.

ئێستا نەوتی كەركووك لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراقە و ئەوان رێككەوتننیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی ئێراندا كردووە كە بۆرییەك بۆ ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك رابكێشرێت و رۆژانە ١٠٠ ھەزار بەرمیل لەو رێگەیەوە بچێتە ئێران، تا ئێستا ھەنگاو بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە نەكراوە، بەڵام رێككەوتن كراوە، بۆیە دەكرێت بەشێكی نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆرییەوە ھەناردەی ئێران بكرێت و بەشێكشی لە رێگەی بۆریی نەوتی ھەرێمەوە رەوانەی توركیا بكرێت، ئەوەی ئێستا ھەیە بۆ حكوومەتی عێراق ھەر بەرمیلێك نەوت ١٧ دۆلار خەرجیی دەوێت بۆ ئەوەی بۆ ئێرانی ھەناردە بكات ئەمەش ژمارەیەكی گەورەیە.

دادگەی باڵای فیدڕاڵی چاوخشاندنەوە بە تانەیەك دەكات كە تیایدا وەزیری نەوتی عێراق داوا دەكات چیتر ھەرێمی كوردستان نەوت بە سەربەخۆ نەفرۆشێت، ھەڵوێستی ئێوە لەوبارەیەوە چییە؟ 

سەمیر ھەورامی: ئێمە پێشتر گوتوومانە رێز لە ھەموو بڕیارەكانی دادگەی فیدڕاڵی دەگرین ئەوانەشی كە سەبارەت بە ریفراندۆم داویەتی، بەڵام بەداخەوە ھەندێك بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی جێبەجێ ناكرێت وەكو ئەوەی دەڵێت ھەموو لێكەوتەكانی ریفراندۆم دەبێت ھەڵوەشێنرێتەوە، بەڵام پاش شەش مانگ ئێستاش بەشێك لەو شوێنەوارانە ھەڵنەوەشێنراونەتەوە، ئێمە دووبارە دەڵێن كە رێز لە بڕیارەكانی دادگەی فیدڕاڵی دەگرین، بەڵام لە پای چی؟ ئێمە لە ھەرێمی كوردستان كرێچیی عێراق نیین، ئێمە بەشێكین لە عێراقی فیدڕاڵ، پێویستە حكوومەتی عێراق بوودجەی تەواو بنێرێت بۆ ھەرێمی كوردستان وەكو چۆن بوودجە بۆ بەسرە دەینرێت بۆ ئەنبار، بۆ مووسڵی پێشتری ژێر دەستی داعش ھەقە بۆ ئێمەشی بنێرێت كە نەینێرێت ئێمە ناچاریین نەوت ھەناردە بكەین، ئێمە پێشتر لە كۆبوونەوەكاندا باسمان كردووە و پێمانگوتوون ئێمە مانگانە ئەو بڕەمان داوە بە مووچە، پێمانگوتوون كە ئامادەین ئەو پارانەی چەندێك نەوتمان ھەناردەكردووە بتاندەینێ، بەڵام لەبەرامبەردا شایستە داراییەكانی ھەرێم بدەنەوە، حكوومەتی ھەرێم پارەی دەكەوێتە لای حكوومەتی عێراق نەوەك بە پێچەوانەوە، ھەرێمی كوردستان بە نەوتی كەركووكیشەوە كە ٥٥٠ ھەزار بەرمیل بووە لە رۆژێكدا، لە ماوەیەكدا نەوت پارەیەكی ئەوتۆی نەدەكرد، فەرمانبەرانی بەغدا و ناوچەكانی تر مووچەی تەواویان وەردەگرت، كەچی فەرمانبەرانی ئێرە نیوە مووچە و ئەوانەیان وەردەگرت، خۆ دەبێت حكوومەتی عێراق ئەوە بزانێت ئەم بڕیارەی دادگەی فیدڕاڵی دەست تێخستنە لەڕووی سیاسییەوە، وەزیری نەوتی عێراق باش دەزانێت كە ھەرێمی كوردستان خەرجی ھەیە ئەگەر بەغدا نەینیرێت ھەرێمی كوردستان دەستەوەستان ناوەستێت، بۆیە ئێمە لە ٢٢ی ئایاری ٢٠١٤ بە رەسمی دەستمان كردووە بە ھەناردەكردنی نەوت و پارەكەشی بە روونی دینار بە دینار چۆن خەرجمان كردووە لە لایە و بەشی ھەرە زۆری بۆ مووچە بووە، حكوومەتی عێراق ئەگەر دەیەوێت نەوت ھەناردە نەكەین ئەوا ئێمەش رازیین با نەوتەكە بۆ نەوەكانی داھاتوو بمێنێت و لەژێر زەوی بێت، بەڵام شایستە داراییەكانی ھەرێم بنێرێت.

– “قەرزەكانی سەر ھەرێم ١٦ ملیار دۆلارە نەوەك ٣٠ ملیار”

دەگوترێت گرێ كوێرەی رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا قەرزەكانی سەر ھەرێمە كە خۆی لە نزیك بە ٣٠ ملیار دۆلار دەدات راستە؟

سەمیر ھەورامی: نەخێر لە راستییدا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ١٥ بۆ ١٦ ملیار دۆلار قەرزارە نەوەك ٣٠ ملیار دۆلار، فەرمانگەی قەرزەكانی لە وەزارەتی دارایی دامەزراوە و برای بەڕێزم د.ئامانج سەرپەرشتیی دەكات و لەماوەیەكی نزیكدا بە ژمارە و داتا ھەموو قەرزەكان كە چەند قەرزاریین و قەرزاری كۆمپانیاكان و مووچەخۆران و بەڵێندەرانیش و ھەموو ئەوانی دیكە بە وردی دەخرێنە روو، بەڵام بیرمان نەچێت عێراق خۆی ١٣٣ ملیار دۆلار قەرزارە، ئێمە پێمانگوتن كە دەتوانن قەرزەكانی ئێمەش بخەنە سەر قەرزەكانی عێراق، چونكە لە چاو ئەو ١٣٣ ملیار دۆلارە قەرزەكانی ئێمە شتێكی ئەوتۆ نییە، جگە لەوەی چەند ساڵە ھەر بوودجەمان بۆ نەھاتووە، ئیتر ئەوە مافە و شایستەی دارایی ھەرێمە، بۆیە دەبێت بەغدا ئەوە قبووڵ بكات و قەرزەكانی ھەرێم بخاتە سەر قەرزەكانی خۆی. 

 ئەو ١٣٣ ملیار دۆلارەی بەغدا قەرزی چییە؟

سەمیر ھەورامی: دەبێت بەغدا خۆی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، بەڵام بەغداش چەند ساڵی رابردوو بە قەیرانی دارایی قورس تێپەڕی، بەڵام ئەو وڵاتە و خەزینی ھەیە، وڵاتان قەرزی پێدەدەن. لە شەڕی داعش بوو، نەوت نرخی دابەزی بوو، نەیدەتوانی مووچەی مووچەخۆرانی بدات ئەگەر وا با، چونكە عێراق قەرز دەكات و دەتوانێت لە ھەموو ساڵێكیش عێراق قەرز دەكات و بۆ ئەمساڵیش لە خشتەی بوودجەدا چەندین قەرزی تێدایە كە عێراق كردوونی و دەیانكات بۆ ئەوەی پێویستییەكانی پڕ بكاتەوە.

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەدوای ساڵی ١٩٩١ەوە تا ساڵی ٢٠١٧ ھەموو ساڵێك كورتھێنانمان ھەبووە، ئێمە ١١ ملیار دۆلارمان خەرج كردووە بەنموونە نۆ ملیار دۆلار بووە، ساڵی پار بە حوكمی چاكسازییەكان و تا مانگی ریفراندۆم ھاوسەنگیەكی باشمان راگرتبوو لە نێوان داھات و خەرجی و داھاتمان زیاتر بوو بۆ یەكەمجار دوای ئەو ماوەیە، بەڵام ریفراندۆم دوایكرد رێژەی ٥٥ لەسەدی نەوت بچێتە ژێر دەسەڵاتی بەغدا.

 حكوومەتی عێراق چەند قەرزاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە؟

سەمیر ھەورامی: ئێمە سێ ساڵ بەغدا بوودجەی بۆ نەناردووین كە ئەگەر مانگانە یەك ملیار دۆلاری ناردبا، ئەگەر ھەموو ئەو داھاتە حساب بكەین كە لەو نەوتەی فرۆشتوومانە دەستمان كەوتووە و بە ھەموو داھاتەكەمان ئەو سێ ساڵە نەگەیشتووەتە ٢٣ ملیار دۆلار، ھێشتا نزیكەی ١٣ ملیار دۆلار جیاوازییەكەیەتی كە دەبوو بەغدا لەو سێ ساڵە ٣٦ ملیار دۆلارمان بۆ بنێرێت.

– “ھەوڵەكان بەردەوامن بۆ كردنەوەی ئاسمانی توركیا بە رووی فڕۆكەخانەی سلێمانی”

ئاژانسی ئانادۆڵو: ھەوڵەكانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كردنەوەی ئاسمانی توركیا بە رووی فڕۆكەخانەی سلێمانی بە كوێ گەیشتووە؟

سەمیر ھەورامی: لە چەند كەناڵێكەوە پەیوەندیی كراوە لەگەڵ توركیاوە، ھەم برادەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیوەندییان كردووە، ھەم وەزیری گواستنەوەی عێراق لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لە عێراق دانیشت و داوای لێكرد چاو بەو بڕیارە بخشێننەوە، ئەویش پێی راگەیاند كە لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق با نامە بۆ وەزارەتی دەرەوەی توركیا بنێردرێت و ئەوەشیان كردووە، بەڵام جارێ ئەنجامی نەبووە، لەھەمان كاتدا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی لەگەڵ كۆنسولی توركیا لە ھەرێم دانیشت و نیگەرانیی خۆی پێ راگەیاند و چەند كۆبوونەوەیەك كراوە بەڵێندەران و بازرگانانی سلێمانی داوایان لە توركیا كرد كە ئاسمانەكان بە رووی سلێمانیدا بكرێتەوە.

ھەرچی ئەوەی پەیوندی بە ھەوڵەكانی كاك قوباد تاڵەبانی-یەوە ھەیە ئەو بەردەوامە و رانەوەستاوە و ماوەیەك لەمەوبەر لەگەڵ كۆنسولی توركیا باسی كرد و ھەوڵ دەدات فڕۆكەخانەی سلێمانی بكرێتەوە.

ئاژانسی ئانادۆڵ