كار بۆ ناساندنی بەفەرمی دەروازە سنوریەکان دەکرێت

لەکۆبونەوەیەکدا لەبینای پارێزگای سلێمانی بەئامادەبونی پارێزگار و سەرۆکی ژووری بازرگانی لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی دەروازەسنوریەکانی پارێزگای سلێمانی کۆبونەوە.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند: لەبینای پارێزگای سلێمانی بەئامادەبونی (د.هەڤاڵ ئەبوبەکر)پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ عەمیدی مافپەروەر(سالار عەبدوڵا)سەرۆکی لیژنەی دەروازە سنورییەکانی پارێزگای سلێمانی، بۆ مەبەستی تاوتوێکردنی بەفەرمی ناساندنی دەروازە سنورییەکان کۆبوینەوە”.

ڕاشیگەیاند: لەکۆبونەوەکەدا قسەکرا لەسەر کردنەوەی مەرزەکان و ڕێکخستنەوەی جوڵەی بازرگانی لە سنورەکاندا کەماوەیەکە بەبڕیاری حکومەتی عێراقی بەشێکی زۆری دەروازە لاوەکیەکان لەسنوری پارێزگای سلێمانی داخراون.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا ھەوڵەکان بەردەوامە بۆ بەفەرمی ناساندنی ئەو مەرزەلاوەکیانە تاکاری بازرگانی تیایدا بەردەوامبێت لەبەرئەوەی مەرزەلاوەکیەکان سەرچاوەی بژێوی وکاری سەدان بازرگان و کاسبکارە لەناوچەکانی کوردستان.