ئاماری كۆی هەناردەی ئێران لە مەرزی پەروێزخان و خوسرەوی كە دوو دەروازەی سنووری نێوان ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراقن راگەیەنرا، ئامارەكانیش ئەوە دەردەخەن كە ئاستی هەناردەی ئێران لەم دوو مەرزە دابەزیوە، سەرەڕای ئەوەی كە سەرووی نیوەی هەناردەی ئێران جگە لە نەوت لە رێی ئەم دەروازانەیەوە ئەنجام دەدرێت.
بەگوێرەی ئامارەكانی گومرگی ئێران و قایمقامیەتی قەسری شیرینی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئاستی هەناردە لەم دەروازە نێودەوڵەتییە بەراورد بە ساڵیك پێشتر دابەزیوە. ساڵی نوێی ئێران لە ٢١ی ئادار یان سەرەتای وەرزی بەهار دەست پێ دەكات.
بەرپرسانی گومرگی ئێران ئاشكرای دەكەن لە مەرزی پەرویزخان و خوسرەوی كە سنووری كرماشانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق ساڵانە دەیان جۆر كاڵا هەناردە دەكرێت. بەشێك لەو شتومەكانەی لەو دەروازەیەوە دەگوازرێنەوە و بەرهەمی ئێرانین، بریتین لە چیمەنتۆ، كێك و بسكیت، موبەریدە، تەماتە و ئاوی تەماتە، شووتی، بەرهەمەكانی شیر، پێداویستی بیناسازی و میوە.
لەو شتومەكانەی ئاماژەی پێ كرا و لە كۆی گشتی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق، دوو ملیۆن و ٥١٢ هەزار تۆن بە بەهای ٦١٣ ملیۆن و ٩٤٠ هەزار دۆلار لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان هەناردە كردووە، هاوكات لە مەرزی خوسرەویش ٣٨٨ هەزار تۆن شتومەك بە بەهای ٨٦ ملیۆن و ٩٤٠ هەزار دۆلار هەناردەی عێراق كراوە.
فەرامەرز ئەكبەری فەرمانداری قەسری شیرین وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیارییانە بۆ “جەماران” گوتی، جگە لەم شتومەكانە بڕێكی زۆری سووتەمەنیش هەر لەم دەروازەیە ترانزێت كراوە كە بڕەكەی دەگاتە ملیۆنێك و ٣٣٦ هەزار تۆن و ئەو بڕە سووتەمەنییەش بە ٦١ هەزار و ٨٤٥ تانكەری نەوت گواستراوەتەوە.
تانكەرەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو ئێران دەگوازرێنەوە و دوای بەتاڵكردنی بارەكە لە بەندەرەكانی باشووری عێراق دووبارە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان.
ئەم ئامارە لە كاتێكدایە كە ساڵێك پێشتر بە قەبارەی ملیارێك و ٢٨ ملیۆن دۆلار شتومەك لەم دوو مەرزەوە هەناردەی عێراق و هەرێمی كوردستان كراون كە قەبارەكەی بە كێش گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٢٥٥ هەزار تۆن. بەو پێیە ئاستی هەناردەی ئێرانی لەم دوو دەروازەیە بەراورد بە ساڵێك پێشتر دابەزیوە و ئەگەر دوو ژمارەكەی پێشوو لە یەكتر كەم بكرێنەوە، ئەوا لە بەهادا سەرووی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار دابەزیوە و لە كێشیشدا سەرووی ٧٠٠ هەزار تۆن شتومەك و كاڵای كەمتر هەناردەی عێراق و هەرێمی كوردستان كراون.
بەرپرسانی ئێرانی یەكیك لە هۆكارەكانی دابەزینی ئاستی هەناردەی بەرهەمەكانیان بۆ دوو هۆكار گەڕاندووەتەوە، یەكەمیان ئەو كێشانە بووە كە لە نێوان هەرێمی كورستان و عێراق روویان داون كە كاریگەریی خراپی بۆ سەر جموجۆڵی بازرگانەكانی هەبووە، لە لایەكی تریشەوە ئێران بۆ ماوەیەكی درێژ دەروازە بازرگانییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان داخست و بۆ ماوەی ٧٩ رۆژ هیچ جموجۆڵێكی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان رووی نەدا.
دوای ریفراندۆمی ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو كە زۆرینەی رەهای خەڵكی كوردستان بە بەڵێ دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، ئێران هاوشانی توركیا و عێراق لە دژی كورد پیلانگێڕی كرد و هەوڵی دا بە هەموو شێوەیەك هەرێمی كوردستان لاواز بكات.
١١ ساڵ لەمەوبەر دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بە فەرمی لە نێوان هەریمی كوردستان و عێراقدا كرایەوە كە لە نزیك قەسری شیرین هەڵكەوتووە . ئەو دەروازە یەكیك لە گرنگترین دەروازە بازرگانییەكان بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ شارەكانی كەلار، خانەقین، سلێمانی و كەركووك و مووسڵ هەژمار دەكرێت.
بەرپرسانی ئێران مەرزی پەروێزخان بە مەرزێكی ستراتیجی هەژمار دەكەن و لەو هەناردەی شتومەك جگە لە نەوت، پشكی ٥٤٪ی سەرجەم هەناردەی ئێرانی بەردەكەوێت. هەروەها ئێران پێی وایە پەروێزخان نزیكترین رێیە كە ئێران بە دەریای ناوەڕاست گرێ دەدات و ئەگەر لەو ناوچەیەوە شەقامێكی سەرەكی رابكێشرێت، ئەوا بە درێژایی ٩٠٠ كیلۆمەتر ئێران بە دەریای ناوەڕاست دەبەسترێتەوە و ئەمەش بەشێكە لە رێی مێژوویی و بازرگانی و ستراتیجی ئەبریشەم .
قەسری شیرین كەوتووەتە رۆژئاوای كرماشان و ژمارەی دانیشتووانی ٢٧ هەزار كەس دەبێت. سنووری ئەم شارە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق ١٨٦ كیلۆمەترە.
بە تێكڕا رۆژانە ٨٠٠ بارهەڵگر لە مەرزی پەروێزخانەوەی بار بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازنەوە و لە مەرزی خوسرەویشەوە رۆژانە ٥٠٠ بارهەڵگر شتومەك بۆ ناوچەكانی عێراق دەگوازنەوە.
ئێستە ئێران كار بۆ ئەوە دەكات لە پێوەندییە بازرگانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، زۆرترین پشكی بەربكەوێت و بازاڕەكە لە قازانجی خۆیدا بقۆزێتەوە.