ڕۆژى 8-4، 17 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی سیاسه‌تمه‌دارو خه‌باتگێڕو نوسه‌ری ناوداری گه‌له‌كه‌مان ئیبراهیم ئه‌حمه‌د تێده‌په‌ڕێت، ئه‌و تێكۆشه‌ره گه‌وره‌یه‌ی گه‌له‌كه‌مان كه دوای ده‌یان ساڵ خه‌بات و تێكۆشان له‌پێناو دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان، له 8-4-2000، له‌ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا له شاری له‌نده‌ن ماڵئاوایی له خاك و نه‌ته‌وه‌ی كورد كرد‌و له‌دوای خۆیشی خه‌رمانێك له بڵاوكراوه ئه‌ده‌بییه‌كانی بۆ گه‌له‌كه‌مان جێهێشت.
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، له 6-3-1914، له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناسراوی شاری سلێمانی له‌دایكبووه، ره‌مزی فه‌تاح كه ئه‌فسه‌رێكی كورد بووه، مامی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بووه‌و كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر رۆشنبیری بوونی برازاكه‌ی هه‌بوو، هه‌ربۆیه زوو ره‌وانه‌ی قوتابخانه‌ی ده‌كات. ئه‌م كاریگه‌رییه‌ی مامی، تا قۆناغه‌كانی دواناوه‌ندی خوێندنی هه‌ر به‌رده‌وامبوو، له ساڵی 1937 له شاری به‌غدا كۆلیژی یاسا ته‌واو ده‌كات.
ژیانی سیاسی
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له ته‌ك نووسین، سه‌رقاڵ كاری سیاسیش بووه، له شاری سلێمانی گوێبیستی سروود‌و هۆنراوه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ران و هه‌واڵی شۆڕشی شێخ مه‌حمودی نه‌مر بووه، هه‌روه‌ها بۆردومانی شاری سلێمانی له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی ئینگلیزه‌وه كاری تێكردووه، جگه له‌و هه‌لومه‌رجه تایبه‌تییه‌ی ئه‌وكاته‌ی سلێمانی، مامه ره‌مزی-یشی رێبه‌رایه‌تی كردووه بۆ ئاشناكردنی به‌خه‌باتی رزگاریی و نه‌ته‌وایه‌تی.
له ساڵانی سییه‌كانداو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك خوێندكاری كورد له به‌غدا، گروپێكی به‌ناوی “لاوانی كورد” پێكهێناوه‌و گۆڤارێكیشی به‌ناوی “دیاری لاوان” بڵاوكردۆته‌وه.
مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به دامه‌زرێنه‌رو لێپرسراوی “ژ ك” له كوردستانی باشوور ده‌ناسرێت، كه سه‌ر به مه‌ڵبه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستانی رۆژهه‌ڵات بووه، كه سه‌روه‌ری دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان (مه‌هاباد 1946)ی هه‌یه، له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانیدا توانیبووی له زۆر ناوچه‌ی كوردستان لقی “ژ ك” و پاشان “حدك” بكاته‌وه.
پاش رووخانی كۆماری مه‌هاباد، له ساڵی 1947 دا ئیبراهیم ئه‌حمه‌دو لقی “ژ ك” له‌پاش كۆبونه‌وه‌یه‌ك بڕیاریاندا بچنه ناو پارتی دیموكراتی كوردستان، مامۆستا ئیبراهیم به سه‌رۆكی لقی سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردرا.
له ساڵی 1948 پاش ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌وكاته‌ی عیراق به‌ربووه گیانی شۆڕشگێڕانی كورد‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بۆ ماوه‌ی 18 مانگ به‌ندكرا، دوای ئازادكردنیشی تا هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی 14ی ته‌مموزی ساڵی 1958، رێگای خه‌باتی نهێنی گرته‌به‌ر.
له شوباتی ساڵی 1951، له‌میانه‌ی كۆنگره‌ی دووه‌می پارتی له شاری به‌غدا، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆنگره به سكرتیری گشتی پارتی هه‌ڵبژێردرا، هه‌ر له‌و كۆنگره‌یه‌داو له‌سه‌ر پێشنیازی مامۆستا برایم، ناوی پارتی گۆڕا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان- عیراق.
له‌سه‌ر كار‌و چالاكی سیاسی له هاوینی 1951 دا، له سلێمانییه‌وه گوێزرایه‌وه بۆ كه‌ركوك. ساڵی 1961 ئیبراهیم ئه‌حمه‌د وه‌ك سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی خه‌بات كاری ده‌كرد، پێش داخستنی رۆژنامه‌كه‌و لێسه‌ندنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی پارتی له كۆتایی ساڵی 1961، ناچاربوو شاری به‌غدا به‌جێبهێڵێت و خۆی بشارێته‌وه.
له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلول، روویكرده شاخ و له‌ڕووی سیاسییه‌وه شۆڕشه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بردووه.
پاش هه‌ره‌سی شۆڕشه‌كه، رووده‌كاته هه‌نده‌ران و زۆربه‌ی ژیانی له شاری له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا گوزه‌راندووه.
ژیانی ئه‌ده‌بی و رۆژنامه‌وانی
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د هه‌ر له سه‌ره‌تای ژیانییه‌وه ده‌ستی داوه‌ته كاری نووسین و رۆژنامه‌وانی، له ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا له رۆژنامه‌ی “ژیان” كاریكردووه‌و نۆبه‌ره‌ی نووسینه‌كانی له‌وێ بڵاوكردۆته‌وه، له‌به‌ر شاره‌زایی نووسین، “پیره‌مێرد”ی شاعیر‌و خاوه‌نی رۆژنامه‌ی ژیان له نووسێنێكدا ستایشی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌كات و ده‌نووسێت: ژیان چاوه‌ڕێی ئه‌م كوردییه ره‌وانه‌یه، پیره‌مێردیش به‌هیوای نه‌وجه‌وانانه.
كاتیكێش خوێندن ته‌واو ده‌كات، دیسان پیره‌مێرد باسی ده‌كات و ده‌ڵێت: له خوێنده‌واره هه‌ڵبژێردراوه‌كانمان ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كه كۆلێژی مافی ته‌واوكردووه… هتد.
له ساڵی 1939 بۆ ساڵی 1949 له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادی گۆڤاری “گه‌لاوێژ” ده‌رده‌كه‌ن، هه‌ربۆیه ناچار ده‌بێت له ساڵی 1944 ده‌ست له كاری میریی هه‌ڵبگرێت.
پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی 14ی ته‌مموزی 1958، مۆڵه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ند ژماره‌یه‌كی گۆڤاری رزگاری پێبه‌خشراو هاوكات به‌رپرسیارێتی رۆژنامه‌ی خه‌بات-یشی ده‌كرد.
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بێجگه له‌و رۆژنامانه‌ش، خاوه‌نی رۆژنامه‌ی “كوردستان” بوو، كه هه‌ڤاڵ مام جه‌لال سه‌رنووسه‌ری بووه.
ساڵی 1961 به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی وتارێكی به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراقدا، خه‌بات و كوردستان داخران و فه‌رمانی زیندانیكردنیش بۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌رچوو.
له‌بواری ئه‌ده‌بیشدا مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د-ی نووسه‌رو پارێزه‌ر، چه‌ندین كاری به‌نرخی نووسیوه، ئه‌ویش به چه‌ند شاكارێكی به‌نرخ وه‌ك “ژانی گه‌ل”، “كوێره‌وه‌ری”، “دوا تیری كه‌وان” و چه‌ند به‌رهه‌مێكی ناوازه‌ی دیكه.
نامیلكه‌ی “الاكراد و العرب”-یش كه له ساڵی 1937 به عه‌ره‌بی نووسیوێتی، هه‌وڵێك بووه بۆ رێكخستنی په‌یوه‌ندیی نێوان كورد‌و عه‌ره‌ب له عیراقدا.
ماڵئاوایی یه‌كجاره‌كی
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دوای خه‌بات و تێكۆشانێكی نه‌پساوه له‌پێناو مافه ره‌واكانی گه‌لی كورد، ئێواره‌ی 8-4-2000 له ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا له شاری له‌نده‌ن كۆچی دوایی كرد‌و ته‌رمه‌كه‌ی گوێزرایه‌وه بۆ شاری سلێمانی و له رێوره‌سمێكی گه‌وره‌دا كه شایسته‌ی زیاتر له نیو سه‌ده‌ی خه‌بات و كۆششی ئه‌و كه‌سایه‌تییه بوو، له زێدی خۆی له سلێمانی نێژرا.
خه‌ڵاتی بله
وه‌ك نه‌ریتێكی ساڵانه‌و له رۆژی 8-4 دا، رێكخراوی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د فاونده‌یشن، له رێوڕه‌سمێكی شایسته‌داو بۆ به‌رز راگرتنی رۆحی ئه‌و كه‌ڵه‌پیاوه، خه‌ڵاتی نموونه‌یی (بله) كه نازناوی سه‌ركرده‌و سیاسه‌تمه‌دارو پێشمه‌رگه‌و پارێزه‌رو نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسی نه‌مر ئیبراهیم ئه‌حمه‌د-ه، ده‌به‌خشێته پێنج كه‌سی نموونه‌یی، له‌وانه (دایكی نموونه‌یی، پێشمه‌رگه‌ی نموونه‌یی، خوێندكاری نموونه‌یی، هونه‌رمه‌ندی نموونه‌یی، نووسه‌ری نموونه‌یی.
ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی كه له ساڵی 2002-ه‌وه ده‌به‌خشرێن به‌و كه‌سایه‌تییه نموونه‌ییانه، له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ده‌كرێت، به رچاوكردنی ئه‌رك و ماندوبوون و خزمه‌تكردنیان له‌بواری جیاجیادا ئه‌م خه‌ڵاته‌یان پێده‌به‌خشرێت.
دایكی نموونه‌یی: ئه‌م خه‌ڵاته ده‌درێته دایكێكی نموونه‌یی و ماندوونه‌ناس، كه سه‌ربه‌رزانه ئه‌ركی به‌خێوكردنی منداڵه‌كانی گرتبێته ئه‌ستۆو شانبه‌شانی مێرده‌كه‌شی خزمه‌تێكی كردبێت، یان دوای شه‌هیدبوونی مێرده‌كه‌ی ئه‌ركی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانی گرتبێته ئه‌ستۆ.
خوێندكاری نموونه‌یی: ئه‌م خه‌ڵاته ده‌به‌خشرێته ئه‌و خوێندكاره‌ی كه سه‌ركه‌وتووانه‌و دوای شه‌هیدكردنی باوكی، قۆناغه‌كانی خوێندن ته‌واو بكات.
پێشمه‌رگه‌ی نموونه‌یی: ئه‌م خه‌ڵاته ده‌درێته ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه شۆڕشگێڕانه‌و خۆنه‌ویستانه‌و كۆڵنه‌ده‌رانه‌و قاره‌مانانه پێشمه‌رگایه‌تی كردووه‌و به‌شداری چه‌ندین داستان و نه‌به‌ردیشی كردووه.
نووسه‌ری نموونه‌یی: ئه‌م خه‌ڵاته‌ش ده‌به‌خشرێته ئه‌و نووسه‌ره‌ی كه هه‌میشه قه‌ڵه‌م و خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی كردۆته هۆكارێك بۆ خزمه‌تكردن به‌بواری نووسین و ئه‌ده‌بی كوردی و چه‌ندین چاپكراویشی پێشكه‌ش به‌كتێبخانه‌ی كوردی كردووه.
هونه‌رمه‌ندی نموونه‌یی: ئه‌م خه‌ڵاته ده‌به‌خشرێته ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی كه توانیویه‌تی له‌بواری هونه‌ریداو له‌و به‌هره‌یه‌ی كه هه‌یه‌تی، خزمه‌تی به‌بواری هونه‌ری كوردی گه‌یاندبێت و له‌قۆناغه جیاجیاكاندا ئه‌فراندنی كردبێت و جێ په‌نجه‌ی دیاربووبێت.
بۆ یادی ئه‌مساڵیش (پ.د.زاهیر له‌تیف كه‌ریم) نووسینێكی له‌باره‌ی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بڵاوكردووه‌ته‌وه كه نووسیویه‌تی:
سه‌ره‌تا له‌و پرسیاره‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ین كه ده‌ڵێت “ئایا ده‌شێت نووسه‌ر خاوه‌ن هه‌ڵوێسته‌یه‌كی سیاسی بێت یان پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاستره؟”
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، ڕه‌خنه‌گری ئینگلیزی تێری ئیگڵیتۆن (1943-)، له‌كتێبه‌كه‌یدا “تیۆری ئه‌ده‌ب” ده‌ڵێت “تیۆری ئه‌ده‌بی نوێ به‌شێكه له‌مێژووی سیاسی و ئایدیۆڵۆژی سه‌رده‌م، به‌ڵكو ئه‌م تیۆره جودا نابێته‌وه له‌بیروڕا سیاسی و فیكری و ئایدیۆڵۆژییه‌كان”.له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیشدا، ئه‌ده‌بی نوێ ده‌رئه‌نجامی چالاكییه جۆراوجۆره‌كانی سیاسه‌ت و فیكر له‌دایكبووه. ڕه‌نگه پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر ڕاست بێت. بیرمه‌ندو نووسه‌رو شاعیر، برایم ئه‌حمه‌د له‌میانه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی كه ئاڕاسته‌ی كرابوو ئایا به‌سیاسه‌ت ده‌ستت پێكردووه یان ئه‌ده‌ب؟ له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت “له‌دوای كاره‌ساتی شه‌شی ئه‌یلوول، من و هه‌ڤاڵه‌كانم، چووینه سیاسه‌ته‌وه. كاتێ زانیمان خه‌ریكی دروستكردنی كۆمه‌ڵه‌یه‌كن به‌ناوی (كۆمه‌ڵی لاوانی كوردستان) یان (كۆمه‌ڵی خوێنده‌وارانی كورد) وتمان با هه‌وڵبده‌ین تۆڵه‌ی شه‌شی ئه‌یلوول بكه‌ینه‌وه… دوای كاره‌ساتی شه‌شی ئه‌یلول، ئیتر سیاسه‌ت بوو به‌شتێكی ڕۆژانه… له‌به‌رئه‌وه به‌باشی ناتوانم ده‌سنیشانی بكه‌م، كه ئه‌ده‌بم له‌پێش سیاسه‌تدا ده‌سپێكرد، یا سیاسه‌تم له‌پێش ئه‌ده‌بدا. به‌ڵام شتێك هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه یه‌كه‌م نووسینم له 1931- 1932 دا بڵاوكراوه‌ته‌وه. جا ده‌بێ سیاسه‌ته‌كه پێشتر بووبێ” (بڕوانه، چه‌ند یادگارێكی مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د، د.عه‌بدوڵڵا مه‌ردۆخ). له‌مه‌وه له‌وه ده‌گه‌ین كه برایم ئه‌حمه‌د (بله) به‌هۆی ژینگه سیاسی و سۆسیۆڵۆژی و فیكرییه‌كانی سه‌رده‌مه‌وه له‌یه‌ك كاتدا ده‌ستی بۆ هه‌ر دوو چه‌مكی سیاسی و ئه‌ده‌بی بردووه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره ته‌واوكه‌ری یه‌كتربن. واته به‌رله‌وه‌ی نووسه‌رو شاعیر بێت ئه‌وا دۆخ و مه‌سه‌له كوردییه‌كان كردار‌و مۆتیڤێكی پۆزه‌تیڤ بوون بۆ خوڵقاندنی گوتارێكی ئه‌ده‌بی كوردی نوێ. لێره‌شه‌وه پرسیارێكی تر دروستده‌بێت كه ده‌ڵێت “برایم ئه‌حمه‌د چی بوو؟”. گه‌ڕانێكی خێرا به‌ژیاننامه‌و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بی و شیعرییه‌كانی ئه‌و ڕاستییه حاشاهه‌ڵنه‌گره ده‌رده‌خه‌ن كه ئه‌م خوده بابه‌تی و بكه‌ره به‌رله‌وه‌ی كورد بێت ئه‌وا ئه‌ندامێكی كارای خێزانی مرۆڤایه‌تی بوو. هیچ كات دژی ڕه‌نگ و ده‌نگه جیاوازه‌كان كاری نه‌كردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا گه‌ر نیشتمانه‌كه‌ی له نیشتمانه‌كانی تر خۆشتر بووبێت ئه‌وا ئه‌مه كارێكی خۆڕسكی و سروشتتیه‌و له‌به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كانی كه‌مناكه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها ته‌نها شاعیر‌و نووسه‌رو سیاسه‌تمه‌دار نه‌بوو، به‌ڵكو بیرمه‌ندێكی وزه‌به‌خشی په‌روه‌رده‌ش بوو. له‌ده‌قه‌كانیدا به‌ئاشكرا هه‌ست به‌گرنگیدانی سستمی خوێندن و فێركردن و خۆشه‌ویستی خاك و نیشتمان و مه‌سه‌له ڕه‌واكانی نه‌ته‌وه‌كه‌یی و مافی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی و برایه‌تی ده‌كرێت. لێره‌دا كه‌سێتییه‌كه‌ی ته‌واو یه‌كده‌گرێته‌وه له‌گه‌ڵ بیرمه‌ندی فه‌ڕه‌نسی و جیهانی جان جاك ڕۆسۆ كه یه‌كێك بووه له پێشه‌نگه‌كانی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی. به‌مه‌ش، بله كه‌سێكی داخراو نه‌بوو، به‌ڵكو ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی بینی له‌بونیادنانی ڕۆشنگه‌ری كوردی كه هه‌تا ئێستا بۆته سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌ره به‌نرخی ڕۆشنبیرییه‌تی كوردی.
له‌مه‌شیاندا، ڕه‌نگه، وه‌ك ڕۆشنبیرو ڕوناكبیرێك سوودی له بۆچوونه ئازاده ڕۆشنگه‌رییه‌كانی دیكارت و میكاڤیللی و جۆن لۆك و تۆماس هۆبز بینیبێت. له‌دوای هه‌ره‌س پێهێنانی مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی مه‌لیك مه‌حمود له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه، بله، هاوشێوه‌ی گۆران و هاوڕێكانی شیخ نوری شیخ ساڵح و ره‌شید نه‌جیب و ئاوڕه‌حمان به‌گی نفوس، له‌هه‌وڵی نوێكردنه‌وه‌ی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا بوو. له‌هه‌مانكاتیشدا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو كه چۆن ئاستی هۆشیاری تاكی كورد گه‌وره‌ترو باشتر بكات. دیاره ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی تێگه‌یشتن و ڕاڤه‌كردنی مه‌سه‌له‌كانی كورد بوو. ئه‌م قۆناغه له‌مێژووی سیاسی و ئه‌ده‌بی كوردا به‌قۆناغی دوهه‌م و ته‌واوكه‌ری قۆناغی یه‌كه‌می كوردستانی باشوور له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. هه‌ر له‌م قۆناغه نوێیه‌دا، بله وه‌ك پارێزه‌رو ڕۆژنامه‌نووسێك، بێده‌نگی زوڵم سته‌می دوژمنانی شڵه‌قاندووه، به‌ڵكو تێكیشكاندووه‌و له‌جیاتی ئه‌مه بانگه‌وازی بۆ دادپه‌روه‌ری و مافی چاره‌ی خۆنووسین و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی كوردستان و پارێزگاری له‌شوناس و كه‌سێتی كورد ده‌كرد. هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌ش بووه كه هه‌میشه له‌نێو ململانێ سه‌خته‌كانی فیكر‌و سیاسه‌تدا خۆی دیوه‌ته‌وه. له‌هه‌مووشیاندا به‌هێزێكی فیكری قورسه‌وه ڕووبه‌ڕوی به‌رامبه‌ره‌كان ده‌وه‌ستایه‌وه. بۆ نموونه، ژانی گه‌ل له‌ڕۆژیكدا نووسرایه‌وه‌و بڵاوبۆوه كه تێكڕای خه‌ڵكی وه‌ك پێویست ئاگاداری ململانێ چینایه‌تی و فیكری و سیاسییه‌كان نه‌بوون. به‌ڵام بله به‌شێوازێكی ئه‌ده‌بی و هێمنانه زۆربه‌ی ئه‌و تاكانه‌ی به‌لای نامه‌كانیدا ڕ‌اكێشا به‌تایبه‌تی ئه‌و نامانه‌ی كه په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان به چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌وه هه‌بوو .واته، له‌زه‌مه‌نی نه‌فامی و نه‌خوێنده‌واری و بێده‌نگییه‌كاندا له‌لایه‌كه‌وه له‌هه‌وڵی دامه‌زراندنی حیزب و ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ری و ڕۆشنبیرییه‌كاندا بوو. ئه‌وه‌تا له‌ساڵی 1944 بووه به‌ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی (ژ.ك)وه بوو به لێپرسراوی لقی كوردستانی عێراق. له ساڵی 1946 دا چۆته نێو ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كورد‌و لێپرسراوی لقی سلێمانی. له‌ساڵی 1953 دا كراوه به سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان. له‌نێوان ساڵانی 1939 -1949 ڕۆڵێكی به‌رچاوی بینیوه له ده‌ركردنی گۆڤاری گه‌لاوێژ كه خۆی پێشه‌نگی دامه‌زراندنه‌كه‌ی بووه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه، هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا، له‌هه‌وڵی تازه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا بوو.