لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ ژاپۆن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیری عێراق لەگەڵ بەڕێوەبەری چەند كۆمپانیایەكی گەورەی بواری وزەی ژاپۆندا كۆبووەوە.
نووسینگەی عەبادی لە چەند تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە: سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكانی جاپێكس پترۆلیۆم و میتسو بوشی و تۆیۆ ئنجنیەرین كۆرپۆرەیشن و تۆیۆتا و بەڕێوەبەری ژمارەیەك كۆمپانیای تری ژاپۆنیدا كۆبووەتەوە و داوای لێكردوون وەبەرهێنانی زیاتر لە كەرتی نەوتی عێراقدا بكەن بە تایبەتی لە پارێزگای ناسریە و داواشی كردووە بەهای وەبەرهێنانیان لە عێراق بۆ چوار ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیاد بكەن بۆ ئەوەی دەرفەتی كاری زیاتر بۆ هاوڵاتیانی عیراقی بڕەخسێنن.
بەپێی راگەیاندنی نووسینگەكەی، عەبادی داواشی لە كۆمپانیاكانی ژاپۆن كردووە لە ئاوەدانكردنەوەی عیراقدا بەشداریی كارا بكەن. عەبادی لەگەڵ لێپرسراوانی كۆمپانیا ژاپۆنییەكان دامەزراندنی كۆمپانیایەكی دروستكردنی ئوتومبیل و خزمەتگوزارییەكانی ئۆتۆمبیلی تاووتوێ كردووە.