به‌هۆی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ پێنج ملیۆن دۆلار له‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ كۆمپانیای فه‌یسبووك ده‌ڕوات

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ هه‌زار و 300 په‌یج له‌ كوردستان دروستكراون و سپۆنسه‌ر ده‌كرێن بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن پێنج ملیۆن دۆلار له‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ كۆمپانیای فه‌یسبووك ده‌ڕوات.
 
به‌هۆى نزیكبوونه‌وه‌ى واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، ئێسته‌ به‌شێكى زۆر له‌ كاندیدانى هه‌ڵبژارده‌كان په‌یجى تایبه‌ت به‌ خۆیان دروست كردووه‌ و به‌ پاره‌ی زۆر سپۆنسه‌ری بابه‌ت و وێنه‌كانیان ده‌كه‌ن، به‌مه‌به‌ستى بانگه‌شه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێدانى كۆمه‌ڵێك به‌ڵێن به‌ هاووڵاتییان، به‌ڵام به‌شێكى زۆرى ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌چێته‌وه‌ كۆمپانیاى فه‌یسبووك و له‌ بوونى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى كاندید، پێشبینى ده‌كرێ چه‌ندان ملیۆن دۆلار بچێته‌ گیرفانى دامه‌زرێنه‌رى فه‌یسبووك.

ئه‌رشه‌د ته‌ها مامۆستای كۆلێژى كارگێڕى و ئابوورى له‌ زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین، وتى، ئێسته‌ ماركێتین له‌ هه‌موو دنیادا به‌شێكى گه‌وره‌ى له‌ سۆشیال میدیا داگیر كردووه‌، چونكه‌ له‌و رێیه‌وه‌ ده‌توانرێت دوو ملیار كه‌س بینه‌رى شته‌كان بن و فه‌یسبووك رۆڵى گه‌وره‌ی له‌و بواره‌ هه‌یه‌.

روونى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و كاندیدانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ رێى فه‌یسبووكه‌وه‌ رێكلام ده‌كه‌ن، بێگومان بینه‌ر و خوێنه‌ریان سنوورداره‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ په‌نا بۆ ماركێتینگى فه‌یسبووك ده‌به‌ن و ئه‌وه‌یش كۆنترۆڵ ناكرێت.

زیاتر وتى، ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆ فه‌یسبووك ته‌رخان ده‌كرێت ئه‌گه‌ر زێده‌ڕۆیى تێدا نه‌كرێت، زۆر نییه‌ له‌سه‌ر تاكێك، به‌ڵام به‌ سه‌تان ملیار دۆلار قازانجى بۆ فه‌یسبووك هه‌یه‌ و چه‌ندان كۆمپانیا لێى سوودمه‌ند ده‌بن.

ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر زێده‌ڕۆیى له‌ سپۆنسه‌رى فه‌یسبووكدا بكرێت و رێكلامه‌كانیان بگاته‌ وڵاتانى تر، ئه‌وه‌ جۆرێكى تره‌ له‌ بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى پاره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان.

هه‌ڤاڵ ئه‌بابه‌كر عه‌لى خاوه‌نى ئۆفیسێكی كڕین و فرۆشتنى به‌رهه‌مه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان  ئاشكراى كرد، كڕینى كارتى سپۆنسه‌ر ئێسته‌ بازاڕێكى باشى په‌یدا كردووه‌ و ڕۆژانه‌ له‌ مۆبایل زیاتر ده‌فرۆشرێت. به‌وته‌ی خۆی “ڕۆژ هه‌یه‌ 10 كارتى 35 دۆلارى ده‌فرۆشین”.

هه‌ڤاڵ وتى، “كڕینى كارتى سپۆنسه‌ر ئێسته‌ ڕه‌واجێكى زۆرى په‌یدا كردووه‌، ئێمه‌ دوو جۆر كڕیارمان هه‌یه‌ كه‌ یه‌كه‌میان خۆى له‌ مۆبایله‌كه‌ى یان لاپتۆپه‌كه‌ى په‌یجێكى لایه‌ ده‌ڵێت ئه‌وه‌نده‌ دۆلاره‌ هه‌موویم بۆ سپۆنسه‌ر بكه‌، له‌و په‌یجه‌ بۆ هه‌موو شاره‌كان كه‌ جارى وا هه‌بووه‌ 70 دۆلار یان 140 دۆلار له‌ یه‌ك سپۆنسه‌ر خه‌رج كراوه‌”.

خاوه‌نى ئه‌و ئۆفیسه‌ ئاشكراى ده‌كات كه‌ جۆرى دووه‌مى كڕیار هه‌یه‌ كه‌ كارت ده‌كڕێت و خۆى سپۆنسه‌رى ده‌كات كه‌ پێنج دۆلار و شه‌ش دۆلار و 10 دۆلار به‌گوێره‌ى شار و شوێن و ئاستى مانه‌وه‌ و كاتى بڵاوكردنه‌وه‌یه‌تى.

هه‌ڤاڵ به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ باسى له‌وه‌ش كرد كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ئه‌و ده‌رگه‌یه‌كى خێری كردووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌وته‌ی خۆی “كاندیده‌كان یان كه‌سانى نزیك له‌ خۆیان دێن كارتى سپۆنسه‌ر ده‌كڕن، ڕه‌نگه‌ 15 ڕۆژى داهاتوو فرۆشتنى كارتى سپۆنسه‌ر 10 هێنده‌ زیاد بكات، چونكه‌ ڕۆژانه‌ كڕیار زیاد ده‌بێت و كه‌سه‌كان دیارن كێن”.

كورد به‌ تێكڕاى نزیكه‌ى 700 كاندیدى هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ئه‌گه‌ر یه‌كى 100 دۆلار له‌ كارتى سپۆنسه‌ر خه‌رج بكه‌ن، بڕى 70 هه‌زار دۆلار ده‌چێت بۆ كۆمپانیاى فه‌یسبووك، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ لیسته‌كان. ئه‌وه‌ به‌ وته‌ى ڕێبوار مسته‌فا پسپۆڕی بواری ئابووری و سه‌رۆكی ده‌زگه‌ی توێژینه‌وه‌ی ئابووری بۆ هه‌مووان.

ئه‌و پسپۆڕه‌ى ئابوورى بۆ وتى، هێشتا بانگه‌شه‌ ده‌ستى پێ نه‌كردووه‌، ئه‌وه‌ى به‌شى ته‌كنه‌لۆجى و به‌دواداچوونى سه‌نته‌ره‌كه‌ى ئێمه‌ كردوویه‌تى، تا ئێسته‌ هه‌زار و 330 په‌یج دروست كراون به‌ناوى كاندید و لایه‌نگر و هه‌وادار و خۆشه‌ویستان و شوێنكه‌وتووان ..هتد. ته‌نیا له‌ ساڵى 2018دا ئه‌مانه‌ هه‌مووى بۆ به‌ده‌ستهێنانى لایك سپۆنسه‌رى ڕۆژانه‌ ده‌كه‌ن. 

“ئه‌گه‌ر گریمانه‌یه‌ك بكه‌ین، به‌دڵنیایییه‌وه‌ تا بانگه‌شه‌ ته‌واو ده‌بێت و به‌ پێشبینى ده‌زگه‌كه‌ى ئێمه‌، بڕى پێنج ملیۆن دۆلار خه‌رج ده‌كرێت به‌ ته‌واوى كاندیدانى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌رانسه‌رى هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان”.


وشه‌