حكومەتی ژاپۆن رەزامەندی نیشانداوە بەمەبەستی ئاوەدانكردنەوە و برەودان بە ژێرخانی ئابووری ناوچە رزگاركراوەكان زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار قەرز بە حكومەتی عیراق بدات.
لەسەردانەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ژاپۆن و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردە باڵاو گەورە كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە، حكومەتی تۆكیۆ ئامادەیی خۆی نیشانداوە بڕی 330 ملیۆن دۆلار قەرز بە بەغدا بدات، بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاركراوەكانی ژێردەستی داعش.
لەو بارەوە شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن رایگەیاندووە: وڵاتەكەی پشكی گەورەی دەبێت لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عیراق لە دوای جەنگی دژی داعش. وتیشی: دەبێت هانی هێز و گرووپەكانیش بدرێت كە لە دەرەوەی سوپا رێكخراون، خۆبەخشانە چەكەكانیان تەسلیمی حكومەتی عیراق بكەنەوە لە پێناو پاراستنی یەكڕیزی و ئارامی ئەو وڵاتەدا. لای خۆیەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاندووە لە ئایندەیەكی نزیكدا، ژاپۆن بەشداری كارای دەبێت لە پێشخستنی كەرتی تایبەت لە عیراق.