بەئامانجی جێبەجێكردنی پڕۆژەی (تاگرس)، بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی ژمارەیەك لە زانكۆكانی كوردستان، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە گەیشتە كوردستان و لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كۆبووەوە.
لەو كۆبونەوەیەدا كە دوێنێ 4-4-2018 لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو، د.كەریم ساڵح عەبدول راوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەناوی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەخێرهێنانی د. ئوو موس بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن)ی ئەڵمانی سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی پڕۆژەی (تاگرس) و وەفدی هاوڕێی كرد.
لە كۆبونەوەكەدا، كە هەریەك لە د.خەتاب شێخانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و، د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەكان ئامادەیبون، ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كورتەیەكی لەبارەی دۆخی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشكەش بە وەفدی میوان كرد، هەروەك خۆشحاڵی وەزارەتیشی پیشاندا بەجێبەجێكردنی پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستان.
هەر لەو كۆبونەوەیەدا، ئامادەبوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسیان لە گرنگی جێبەجێكردنی پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستان، هەروەك باسیان لە چۆنیەتی پاڵپشتیكردن و هاوكاریكردنی وەزارەت بەتایبەت لە پێداچونەوە بە رێنماییەكانی پلەبەركردنی نازناوی زانستی، لەهەمان كاتدا تیشك خرایە سەر جێبەجێكردنی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕكردنی خوێندكارانی خوێندنی باڵا بەتایبەت دكتۆرا و پێدانی بڕوانامەی هاوبەش (جوین دگری) لە نێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و زانكۆكانی ئاڵمانیا بەسیستمی سپلیسایت، باسیش لە پڕۆگرامەكانی خوێندن لە سێنتەرەكانی توێژینەوەی زانستی كرا بەتایبەت دامەزراندنی سێنتەری توێژینەوە بەشێوازی گشتی یاخود تایبەت بەپێیی پسپۆڕییەكان.
لە بەرامبەردا، د. ئوو موس بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن)ی ئەڵمانی سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی پڕۆژەی (تاگرس) و ئەندامانی وەفدەكە خۆشحاڵی خۆیان بەو سەردانە بۆ كوردستان دەربڕی، وتیشی هەنگاو بەهەنگاو پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمیەكانمان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانكۆكان بەرەوپیش دەچێ، هیواشی خواست كردنەوەی ئۆفیسی پەیوەندییە دەرەكییەكانی زانكۆكەیان لە كوردستان ببێتە دەروازەیەكی گرنگ بۆ فراوانكردنی ئاستی پەیوەندییەكان، هەر لە میانەی قسەكانیدا سەرۆكی وەفدەكە باسی لە گرنگی جێبەجێكردنی پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستان كرد، كە لەلایەن یەكێتیی ئەوروپاوە بڕی یەك میلۆن دۆلاری بۆ تەرخانكراوە، ئەو پڕۆژەیەشی بەدەسكەوتێكی زانستی گرنگ بۆ زانكۆكانی كوردستان وەسفیكرد.
دوا بەدوای كۆبونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەفدی زانكۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن)ی ئەڵمانی سەردانی زانكۆی سەڵاحەدینیان كرد، پاشانیش قەڵای دێرین و قەیسەری هەولێریان بەسەركردەوە.
لە لایەكی دیكەوە ئەمڕۆ 4-5-2018 لە دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی لە مەراسیمێكدا، كە بەئامادەبونی د.خەتاب بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و، سەرۆكی ژمارەیەك لە زانكۆكانی كوردستان ئامادەیبون، لە مەراسیمێكدا ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەولەتیەكانی زانكۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن)ی ئەڵمانی كرایەوە، وەك لە وتارەكانی مەراسیمی كردنەوەی نوسینگەكەدا باسی لێوەكرا، ئەو نوسینگەیە دەبێتە خاڵی پەیوەندی نێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و زانكۆكانی ئاڵمانیا.
پڕۆژەی (تاگرس)، پڕۆژەیەكی گرنگی بواری خوێندنی باڵایە لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان و ئاڵمانیا، كە لەلایەن یەكێتیی ئەوروپا بڕی یەك میلۆن یۆرۆی بۆ تەرخانكراوە.
لە پڕۆژەكەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و زانكۆكانی (سەڵاحەددین/ هەولێر، سلێمانی، چەرموو، ڕاپەڕین، هەڵەبجە، زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، سلێمانی و دهۆك) بەشدار دەبن، پڕۆژەكە تایبەت دەبێ بەدروستكردن و بەهێزكردنی توانای مامۆستایان و بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستان.
بۆیە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە دەرگایەكی دیكە بەڕوی زانكۆكانی كوردستان دەكاتەوە بۆ بەرزكردنەوەی توانای زانستی مامۆستایان و ئاشنابون بەپێشكەوتنەكانی جیهان، جگە لەوەش دەرفەتی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا بۆ خوێندكارانی كورد لە زانكۆكانی ئاڵمانیا و چیك دەڕەخسێنێ.