لە دەڤەری پشدەری سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین دڵۆپێك لە ژەهری دووپشك بە بڕی (22) هەزار دۆلار كە دەكاتە (2) دەفتەرو (20) وەرەقە بە بازرگانێكی ئێرانی فرۆشرا.
بازرگانە ئێرانییەكان وەك دەرمانی چاو ئێشە بە دوای ئەو راوچیانەدا دەگەڕێن كە خەریكی كوشتنی گیاندارە ژەهراویەكانن و لە ناویشیاندا دووپشك، چونكە ژەهری دووپشك لە دەرمانی چارەسەری شێرپەنجەو نەخۆشییە درێژخایەنەكان بەكار دەهێندرێت.
سەرەڕای مەترسییەكان ماوەی چەند ڕۆژێكە خەڵكانێكی زۆر سەرقاڵی راوە دووپشكن، چونكە هەر دڵۆپێكی ژەهرەكەی فریاد ڕەسە بۆ ئەو كەسەی راوی دەكات.
شایەنی باسە لە دەڤەری پشدەری سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین دڵۆپێك لەو ژەهرە بە بڕی (2) دەفتەرو (20) وەرەقە بە بازرگانێكی ئێرانی كە ناوی (م.س) بووە فرۆشراوە.
ئەو بازرگانە كەنەیوستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بۆ تەلەفزیۆنی كوردستان رایگەیاندووە: هەر كەسێك (1000) دووپشك بە زیندوویی بگرێ و بیداتە ئەو، ئەوا لەبەرامبەردا (25) دەفتەر دۆلاری پێ دەدات.
هەمان بارزگان ئەوەشی روونكردۆتەوە، كە دووپشكی رەنگ زەرد لە دووپشكی رەنگی رەش بەنرخترە، چونكە ژەهری ئەوەی یەكەمیان بەهێزترەو پێكهاتەكانی ناوی بۆ بواری تەندروستی باشترە.
ماوەیەك لەمەوبەر (كریستین بیتۆن) پرۆفسیۆر لە بواری فیزیا لە كۆلێژی بایلۆری ئەمریكی رایگەیاندبوو: ئەو تاقیكردنەوانەی لەسەر مشك ئەنجام دراوە دەریخستووە كە ژەهری دووپشك لە توانایدا هەیە كە رێگری لە تەشەنەكردنی هەوكردنی جومگەكان بكات.
دووپشك ژەهر بۆ مەبەستی هەرسكردنی خۆراك بە كاردێنێ، بە دەگمەن بەكاری دەهێنێ بۆ پێوەدان و بەرگری كردن لە خۆی یان بۆ هێرش كردن، زۆربەی كات مرۆڤ بە ڕێكەوت بەركەوتە دەبێت لەگەڵ ئەم ئاژەڵانەدا.