حكومەتی عیراق قەرەبووی فەرمانبەران دەكاتەوە، كوردستانیش دەگرێتەوە

وەزارەتی‌ دارایی عیراق بڕیاریدا سەرجەم ئەو لێبڕینانە بگێڕێتەوە بۆ فەرمانبەران كە لەماوەی 3 مانگی رابردوودا لە مووچەكانیان بڕدراوە، بڕیارەكەش ئەو فەرمانبەرانەی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە كە سەر بە دەزگا‌و فەرمانگە فیدراڵیەكانن.

وەزارەتی‌ دارایی عیراق لە رۆژی 3/4/2018 بەئیمزای‌ بریكاری‌ وەزارەتی‌ دارایی بەوەكالەت نوسراوێكی ئاڕاستەی‌ سەرجەم وەزارەتەكان كردوە‌و تیایدا ئاماژە بەوەكراوە: كە بەپێی‌ ماددەی‌ 27ی یاسای‌ بودجەی‌ ساڵی‌ 2018ی عیراق، بڕینی‌ رێژەی‌ لەسەدا 3 پۆینت 8 لە كۆی مووچە‌و دەرماڵەی سەرجەم فەرمانبەرانی‌ دەوڵەت‌و كەرتی‌ گشتی‌ و خانەنشینان هەڵدەوەشێتەوە.

وەك لە نوسراوەكەدا هاتووە: پێویستە سەرجەم وەزارەتەكان هەماهەنگی‌ لەگەڵ‌ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی‌ دارایی بكەن، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەی لە مووچەی فەرمانبەران بڕاوە لەبەرواری 1/1/2018 تاوەكو 31/3/2018، بۆ ئەوەی‌ بدرێتەوە بە فەرمانبەران.

هاوكات بڕیارەكە سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە كە مووچەكانیان لەسەر بەغدایە‌و سەر بە دەزگا‌و فەرمانگە فیدراڵییەكانی عیراقن.