له‌ هه‌رێمى كوردستاندا به‌نداوى پێویست نییه‌ بۆ گلدانه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌كانى ئاو

له‌ هه‌رێمى كوردستاندا به‌نداوى پێویست نییه‌ بۆ گلدانه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌كانى ئاوى وه‌كو باران و بڕی ئەو ئاوەی به‌ فیڕۆ ده‌چێت ساڵانە پێنج ملیار مەتر سێجایە‌.

زیاد حسێن ئه‌ندامى لیژنه‌ى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند: ״به ‌هۆی نەبوونی به‌نداوى پێویست له‌ هه‌رێمى كوردستان و ته‌واونه‌كردنى ئه‌وانه‌ى پێشتر بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه‌ به‌شێكى زۆر له‌ سه‌رچاوه‌كانى ئاو له‌ كوردستان به‌ فیرۆ ده‌ڕوات، ئه‌مه‌ش زیانێكى گه‌وره‌یه‌ به‌ر ئابووری و سه‌رچاوه‌ى سرووشتیى كوردستان ده‌كه‌وێت״.

وتیشی: ״ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ وه‌ك لیژنه‌ى كشتوكاڵیی په‌رله‌مان حكومه‌تى هه‌رێممان له‌و زیانانه‌ ئاگه‌دار كردووەته‌وه‌، به‌ڵام به ‌هۆی قه‌یرانى دارایی و ئه‌و بارودۆخه‌ى به‌سه‌ر هه‌رێمدا هاتووه‌ نه‌توانراوه‌ به‌نداوه‌كان ته‌واو بكرێن״.

به‌نداوه‌كان ئاوى باران گل ده‌ده‌نه‌وه‌ و دواتر به‌ مه‌به‌ستى كشتوكاڵ و ئاودێرى سوودى لێ وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام نه‌بوونى به‌نداوى پێویست وای كردووه‌، نه‌توانرێت وه‌كو پێویست سوودى لێ وه‌ربگیرێت.

كاوه‌ نادر شاره‌زا له‌ بواری كشتوكاڵ و ئاودێری  ڕاگه‌یاند: ״له‌ هه‌رێمى كوردستانیش جگه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كانى ئاوى سه‌ر زه‌وى، ساڵانه‌ ڕێژه‌یه‌كى زۆر به‌فر و باران ده‌بارێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌وه‌ك ته‌نیا ئه‌و ئاوه‌ گل نادرێته‌وه‌، به‌ڵكو زۆری ئه‌و ئاوه‌ ده‌بێته‌ هۆی ڕاماڵینى خاك و له‌ده‌ستچوونی ڕووبه‌رێكی زۆری زه‌وی، هاوكات زیانگه‌یاندن به‌ زه‌ویى كشتوكاڵی״.

وتیشی: ״هۆكاری ئه‌و ڕه‌وشه‌ى كوردستان له‌ ڕووى سه‌رچاوەكانى ئاو بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان پشتى به‌ داهاتى ناوخۆی نه‌به‌ستووه‌، بۆیه‌ گرنگى به‌ كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو نادرێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئێمه‌ كه‌سانى شاره‌زا و پسۆڕی زۆرمان له‌ بواری كشتوكاڵ هه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌م بۆ كرد له‌سه‌ر ئاستى حكومه‌ت پلان و به‌رنامه‌مان نییه‌״.

دواى درووستبوونى قه‌یرانى دارایی له‌ هه‌رێمى كوردستان و تێكچوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم و به‌غدا به ‌هۆى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمه‌وه‌، نه‌توانراوه‌ پڕۆژه‌كان حكومه‌ت ته‌واو بكرێن، ته‌واونه‌كردنى ئه‌و پڕۆژانه‌ به‌نداوه‌كانیشى گرتووه‌ته‌وه‌.

ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی به‌نداوه‌كان له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى هه‌رێم  ڕاگه‌یاند: ״هه‌رچه‌نده‌ بڕیار بوو ئه‌و به‌نداوانه‌ ته‌واو بكرێن كه‌ پێشتر بڕیاریان له‌سه‌ر درابوو، به‌ڵام به‌ هۆی كێشه‌ى نه‌بوونی پاره‌وە نه‌توانرا ده‌ست به‌ كاره‌كان بكرێت، بۆیه‌ له ‌كاتى ئێستادا كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و به‌نداوانه‌ وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌ و ته‌واو نه‌كراوه‌.״

وتیشى: ״له‌ ئێستادا حه‌ڤده‌ به‌نداومان له ‌كوردستان هه‌یه‌، كه‌ سێ له‌وانه‌ گه‌وره‌ن و چواردەیان بچووكه‌ و 280 به‌نداوی دیکە دیزاینی بۆ كراوە و20 به‌نداویان له‌ جێبه‌جێكردندان، پێشتریش ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تى گشتوكاڵ یادداشتێكمان بۆ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران به‌رز كرده‌وه،‌ داوامان كرد یانزه‌ ملیارمان بۆ ته‌رخان بكه‌ن بۆ ته‌واوكردنى هه‌شت به‌نداو، به‌ تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى له‌ قۆناغه‌كانى كۆتاییدان״.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، كۆی ئه‌و ئاوه‌ی له‌ هه‌رێم گل دراوه‌ته‌وه‌ ده‌گاته‌ پێنج ملیار مه‌تر سێجا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌نداوه‌كان ته‌واو بكرێت ده‌توانرێت پێنج ملیار مه‌تر سێجای‌ دیكه‌ گل بدرێته‌وه‌، به‌مه‌ش هه‌رێم پێداویستیی‌ ناوخۆیی دابین ده‌كات كه‌ 10 ملیار مه‌تر سێجا ئاوە‌.

ئاژانس