حكومەتی ئیتاڵیا بڕیاڕیدا بڕی 500 هەزار یۆرۆ ببەخشێتە عیراق بۆ دروستكردنی سەنتەرێكی پسپۆڕی بواری دروستكردنی قاچ و دەستی دەستكرد و راهێنان و مەشقكردن بەو كەسانەی لەئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی پارێزگای نەینەوا دووچاری كەم ئەندامی بوون بەهۆی لەدەستدانی دەست و قاچیان.
پێشتریش حكومەتی ئیتاڵیا بڕی 78 ملیۆن دۆلاری پێشكەش بە حكومەتی عیراق كردبوو بۆ دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی پرۆژەكانی هەریەك لەوەزارەتەكانی سەرچاوە ئاوییەكان و كشتوكاڵ و بازرگانی.
لای خۆیەوە نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعیراق یۆنامی لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە ئەو سەنتەرەی حكومەتی ئیتاڵیا بڕی 500 هەزار یۆرۆكەی بۆ دابینكردووە ، لە 10 مانگدا لەناوچەی حەمدانییەی باشووری خۆرهەڵات موسڵ دروست دەكرێت و خزمەتگوزارییەكانی پێشكەش بە 450 كەسی كەم ئەندامبوو دەكات لەنێویاندا 50 منداڵی خوارتەمەنی پێنج ساڵان و 300 منداڵی تری سەرووی ئەو تەمەنە.