بەشێک لە داھاتی کارەبا دەدرێتەوە فەرمانبەران و دابینکردنی پێداویستییەکان

محەمەد ئەمین ھەورامان، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  راگەیاند، دوای ئەوەی بەشێک لە داھاتی شارەوانییەکان درایەوە وەزارەتی شارەوانی، بە رێنماییەک بەشێک لە داھاتی کارەباش بۆ وەزارەتی کارەبا دەبێت. وتی: “وەزارەتی دارایی ھەرێم، ھاوکاریی وەزارەتی کارەبای کردووە بۆ حاڵەتە تەنگاوییەکان و بەپێی دوایین رێنماییش، لەمەودوا رێژەی ٨%ی ئەو پارانەی لە پارێزگاکان کۆ دەکرێنەوە، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تۆڕی کارەبا تەرخان دەکرێت و رێژەی ٢% یشی بۆ ھاندانی کارمەندانی ئەو سێکتەرە، خەرج دەکرێت”.

روونی کردەوە، بە نووسراوی فەرمی داوای ١٥%ی داھاتەکانی خۆیان کرووە، بەڵام وەزارەتی دارایی رەزامەندیی لە ١٠% داوە، گوتی: “ئەو ١٠% بڕی ٨% بۆ نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکان و چارەسەری کێشەکانی کارەبا و دابینکردنی محەویلەیە وەکوو جاران، پێویست ناکات نووسراو بکرێت و رەزامەندیی دارایی وەربگیرێت بۆ خەرجکردنی، بەڵکوو فەرمانگە و دامەزراوەکانی کارەبا دەتوانن لای خۆیان خەرجی بکەن”.

ئاشکراشی کرد بڕێکی باشی پارەی مانگانە لە داھاتیان بە ھەندێک لە کارمەندانی کارەبا دەدرێت، وتیشی: “ئەوانەی ژمێریارن و پارە کۆ دەکەنەوە یان باشترین پارە کۆ دەکەنەوە، ھەروەھا فەرمانبەرانی دەزگاکانی وزە لەگەڵ کارمەندە ماندووەکان و لیژنەکای لابردنی سەرپێچیی کارەبا، بڕە پارەیەکیان پێ دەدرێت، ئەو پارەیە شتێکی باشە، بۆ نموونە ھەیە مانگانە ٢٥٠ ھەزار دینار وەردەگرێت، ھەیە ٢٠٠، ھەیە ١٥٠ھەزار دینار”.

بەپێی زانیارییەکان ساڵانی داھاتی وەزارەتی کارەبا لەنێوان ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ ملیار دیناره‌ له‌ئێستاشدا بەھۆی کەمیی مووچە داھاتی کارەبا کەم بووە، بەڵام پێشبینی دەکەن بەھۆی چاککردنی پاشەکەوت داھاتی کارەباش زیاد بێت.

بەرپرسەکەی وەزارەتی کارەبا جەختی کردەوە، ھاووڵاتییان بە گشتی لە خەرجکردنەوەی بەشێکی داھاتی کارەبا سوودمەند دەبن: “جاران محەویلەیەک  دەسووتا، بەھۆی نەبوونی محەویلە خەڵک بێ کارەبا دەبوون، بەڵام ئێستا دەتوانین بەو داھاتە محەویلە و پێداویستیی تر بکڕین و پێویسیتمان بە نووسراو و رەزامەندی نییە و دەستکراوە دەبین، ئەوەش لە خزمەتی خەڵک دەبێت”.