حه‌سه‌ن جیهاد: تێوه‌گلاوانی گرێبه‌سته‌ گوماناوییه‌کانی کڕینی چه‌ک لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت

لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عیراق جه‌ختیکرده‌وه‌ که‌ تێوه‌گلاوان له‌ گرێبه‌سته‌ گوماناوییه‌کانی چه‌ک و پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌کان لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت، له‌ ئێستاشدا ئه‌سته‌مه‌ گرێبه‌ستی گوماناوی و سه‌رنه‌که‌وتوو تێبپه‌ڕێندرێن.
حه‌سه‌ن جیهاد ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند: ئه‌وانه‌ی ره‌وانه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ کراون له‌ گرێبه‌سته‌ گوماناوییه‌کانی چه‌ک و پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌کان سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگرین، هۆکاره‌که‌شی بوونی گومانه‌ له‌ کڕینی ئامێری سۆنار و پشکنین و بارهه‌ڵگری سه‌ربازی.
حه‌سه‌ن جیهاد وتیشی: له‌ ئێستادا ئه‌سته‌مه‌ گرێبه‌ستی گوماناوی و سه‌رنه‌که‌وتوو تێبپه‌ڕێندرێت، چونکه‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی له‌لایه‌ن حکومه‌تی فیدڕاڵییه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێن، له‌لایه‌ن لیژنه‌و ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ و ئاسایش و به‌رگرییه‌وه‌ ده‌که‌ونه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تری گرێبه‌ست له‌باره‌ی ئامێری بێ که‌ڵک و لاواز ئه‌نجانه‌درێت.