باڵیۆزی تورکیا: دەروازەیەکی نوێ لە نێوان عێراق – تورکیا دەکرێتەوە

باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، فاتح یڵدز لەبارەی کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ لە نێوان تورکیا و عێراق ئاماژەی بەوە دا کە بەمنزیکانە دەست بە سەردانی شاندی تەکنیکی ھەردوو لایەن دەکرێت و وتی: “پێشھاتەکانی باکوور (ھەرێمی کوردستان) به‌تایبه‌تی (ریفراندۆم) ئه‌وه‌ی بە ئێمە نیشان دا کە تورکیا و عێراق نابێت بە تاکە دەرگایەک ببەسترێنەوە”.

یڵدز لەبارەی کردنەوەی دەروازەی سنووری ئۆڤاکۆی لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، دەروازە نوێیەکە لە رووی بازرگانییەوە لەگەڵ عێراق گرنگی خۆی دەبێت.

باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا وتی: “یەکێک لەو بابەتانە زۆر گرنگی پێ دەدەین دیاریکردنی پێگەی دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیل و بەستنەوەیەتی بە ئیدارەی بەغدایه‌. ئەگەر ئەمە بکرێت، ئەوا ئێمەش لەبارەی باجی گومرکی دووھێندە ھەنگاوێکی گرنگ دەبڕین. بۆ ئەوەی ھەنگاوێکی باش ببڕین، ئەوا نابێت پرسی دەروازەی سنووری دووەم فەرامۆش بکرێت. ئیتر پێویستە عێراق و تورکیا بابەتی دەروازەی نوێ چارەسەر بکەن”.

فاتح یڵدز روونیشی کردەوە کە بەمنزیکانە لەبارەی کردنەوەی دەروازەی سنووری ئۆڤاکۆی دەست بە سەردانەی شاندە تەکنیکییەکان دەکرێت و وتی: “بەڵام لەبارەی پێگەی ناوچەی بەرامبەر ئۆڤاکۆی، گفتوگۆکان لە نێوان بەغدا و ھەولێر درێژەی ھەیە”.

باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا ھەروەھا وتی: “لەگەڵ یەکلاییکردنەوەی پرسی دەروازەکە لە لایەن بەغداوە، ئەوا رێگەیەکی دوورودرێژ بە رووبەڕی ٥٧٠ کلیۆمەتر لە فیشخابورەوە بۆ بەغدا دەبێت. ئەمەش رێگەیەکی راستەوخۆیە کە تورکیا و بەغدا بەیەک دەبەستێتەوە. ئەمەش لەگەڵ ئەو دەرگایە پێکەوە دەکرێتەوە”.

باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا ھەروەھا وتی: “ئەمە زۆر گرنگە و ھەموو کەسێک دەزانێت بە مانای چی دیت. بۆ ئەمە پێویستە خێرا جموجۆڵ بکەین. پێشھاتەکانی باکوور (ھەرێمی کوردستان) به‌تایبه‌تی (ریفراندۆم) ئه‌وه‌ی بە ئێمە نیشان دا کە تورکیا و عێراق نابێت بە تاکە دەرگایەک ببەسترێنەوە”.