شاندێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێم لە بەغدایە

شاندێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەم دووی نیسان/ ئەپریل گەیشتنە بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی عێراق.

نەوزاد ئەدهەم بەرێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  ڕاگەیاند، ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی بازرگانی هەرێم گەیشتوونەتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی عێراق كۆ دەبنەوە.

زیاتر وتی، شاندەكەی هەرێم بەمەبەستی هێنانی پسوولەی خۆراكی ساڵی 2017-2018 سەردانی بەغدایان كردووە و دوای گەڕانەوەیان پسوولەی خۆراك دابەش دەكرێت. دووپاتی كردەوە كە پسوولەكە بۆ وەرگرتنی خۆراك و هەندێك مامەڵەی هاووڵاتییان لە فەرمانگەكان بەكار دەهێنرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم ئەوەیشی خستەڕوو كە هاوئاهەنگی تەواو هەیە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ كاروبارەكان و چەندان جار شاندی ئەوانیش سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.

ئێستە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەنگاوێكی تری بڕیوە و بەردەوام كۆبوونەوە لەسەر ئاستی لیژنەی هونەری نێوان وەزارەتەكان و فەرمانگەكانی تری نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجام دەدرێت، هاوكات مانگی ڕابردوو بەغدا بڕێك پارەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە كرد.