لە دوو رۆژی داهاتوودا لیست بەپێی سیستەمی نوێی مووچە ئامادە دەكرێت


تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ بۆ وەرگرتنی رێنمایی سیستەمی نوێی پاشكەوتی مووچە لەگەڵ گەنجینە كۆدەبنەوەو بۆ دوو رۆژی تریش بۆ سیستەمی نوێی مووچە لیستەكان ئامادە دەكەن.

عەبدولڵا ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی‌ تەندروستی‌ سلێمانی‌ بۆ كاروباری كارگێڕیی و دارایی رایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبەری ژمێریارییەكان لەگەڵ گەنجینەی سلێمانی كۆدەبنەوە بۆ پێدانی رێنمایی بەگوێرەی سیستەمی نوێی پاشكەوتی مووچە، هەر ئەمڕۆ وەك بەڕێوەبەرایەتی لەگەڵ یەكەی ژمێریارییەكانی خۆماندا كۆدەبینەوە بۆ پێدانی زانیاریی و رێنمایی لەسەر ئامادەكردنی لیستی مووچە بەپێی سیستمە نوێییەكە.

لەبارەی ئەو ماوەیەشی پێویستیانە بۆ ئامادەكردنی لیستی مووچەی تەندروستی سلێمانی، ناوبراو بۆ ماڵپەری پوك میدیا رایگەیاندووە: ئەگەر ئەمڕۆ رێنمایی سستەمی نوێی پاشكەوتی مووچەیان پێبدرێت، ئەوان لەماوەی دوو بۆ سێ رۆژدا لیستی مووچەی تەواوی مووچەخۆران كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیە ئامادە دەكەین.

ئەوەشی خستەڕوو كە یەكەی ژمێریارییەكانیان ئامادەن و ئەو گۆڕانكارییانەی پێویستە لەلیستەكاندا بكرێت لەو ماوەیەدا دەیكەن، وتی: ئەگەر رۆژی پێنج شەممە مووچەی تەندروستی دابەشبكرێت ئەوا بۆ ئەوكاتە لیستەكانمان ئامادە دەبێت.

جێگری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی‌ تەندروستی‌ سلێمانی‌ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی، ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە بۆ ئامادەكردنی لیستی مووچە بەسیستەمی نوێی پاشەكەوت (د.رێكەوت حەمە رەشید) وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم پەیوەندی پێوەكردون تا بەزووترین كات لیستەكان ئامادە بكەن.