هه‌نارده‌ی نه‌وتی مانگی ئازاری ئه‌مساڵ ئاشكرا ده‌كرێت


له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، وتەبێژی وەزارەتی نه‌وتی عێراقی، هه‌نارده‌ی نه‌وتی مانگی ئازاری ئه‌مساڵ ئاشكرا ده‌كات، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌ك به‌ كێڵگەكانی كەركوك ناكات.

ئه‌مڕۆ 1ی نیسانی 2018، لەبەیاننامەیەكدا، وەزارەتی نەوتی عێراق، تێكڕای هەناردەو داهاتی نەوتی مانگی رابردووی (مانگی ئازار) بە پشت بەستن بە ئامارە سەرەتاییەكانی كۆمپانیای خستنەبازاڕی نەوتی عێراق(سۆمۆ) بڵاوكردەوە.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نه‌وتی عێراقی رایگه‌یاند: كۆی بڕی هەناردەی نەوتی خاو لەمانگی رابردوودا لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە گەیشتۆتە زیاتر لە 107 ملیۆن و 50 هەزار بەرمیل و داهاتەكەی زیاتر لە 6 ملیار و 418 ملیۆن و 58 هەزار دۆلار بووە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئامارەكە هیچ هەناردەیەكی لە كێڵگەكانی كەركوكەوە تۆمارنەكردووە.

وتەبێژی وەزارەتی نه‌وتی عێراقی وتیشی: تێكڕای هەناردەی رۆژانە گەیشتۆتە 3 ملیۆن و 453 بەرمیل نەوت و تێكڕای نرخی یەك بەرمیلیش 59.954 دۆلار بووە.