دوای جێبەجێكردنی یاسای بودجە، 14 جۆر باج بەسەر هاوڵاتیانی عێراقدا دەسەپێنرێت


لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە لەدوای جێبەجێكردنی یاسای بودجەی گشتیی 2018ی عێراق دوای بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق، 14 جۆر باج  بەسەر هاوڵاتیاندا دەسەپێنرێت، ئەو ئاماژە دەكات كە ”حكوومەتی عێراق چووەتە ژێرباری مەرجەكانی سندووقی دراو بە سەپاندنی ئەو باجانە”.

ئەحمەد حەمەرەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ جێبەجێبوونی یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق 14 جۆر باج لە عێراق جێبەجێ دەكرێت و روونی كردەوە كە حكوومەتی عێراق لەو بارەوە چووتە ژێر باری سندووقی نێودەوڵەتی دراو لە سەپاندنی ئەو باجانە.

زیاتر وتی، لە یاسای بودجەدا سەپاندنی 10% وەك باج لەسەر كاڵاكانی لە مۆڵەكان دەفرۆشرێت و ناوەندە بازرگانی و خزمەتگوزارییەكانی وەك ئارایشگای ئافرەتان و پیاوان و هوتێلەكان، جیا لە 20% لە باج لەسەر فرۆشتنی مۆبایل و كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت و 15% بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمۆبێل.

 بڕیاردەرە  لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق زیاتر دەڵێت، حكوومەتی عێراق هەروەها 12%ی وەك باجی زەویوزار و بەهەمان رێژەیش بۆ باجی داهات، لەپاڵ سەپاندنی رسوومات لەسەر فڕۆكەخانەكان و بلێتی گەشتكردن بە بڕی 25 هەزار دینار لەسەر گەشتە ناوخۆیی و دەرەكییەكان و 10 هەزار دیناریش بۆ بلێتی ناوخۆیی گەشتكردن و دووپاتی كردەوە كە هەروەها باجی 200% لەسەر جگەرە و خواردنەوەی كحولی و بڕی 10 سەنتیش بۆ هەر لیترێك لە خواردنەوەی شیرنكراوەكان دەسەپێنرێت.

دوای مشتومڕێكی دوور و درێژ پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵ بەبێ ئامادەبوونی كورد لە پەرلەمانی عێراق پەسند كرا كە رێژەی كورد لەو پڕۆژەیە بۆ 12.67% كەم كرایەوە.