عێراق شەكر و زەیتی كۆبۆنی خۆراك لە بەرهەمی ناوخۆ دابین دەكات

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایدەگەیەنێت “سوورن لەسەر ئەوەی ماددەكانی شەكر‌و زەیتی نێو كۆبۆنی خۆراك لە بەرهەمی ناوخۆیی دابین بكەن”.

لیژنەی ئابووری وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە: وەزارەتی بازرگانی عیراقیان سەرپشك كردووە كە ماددەكانی نێو كۆبۆنی خۆراك بەتایبەتیش شەكر‌و ڕۆنی ڕووەكی لە بەرهەمی ناوخۆیی دابین بكەن لەساڵی 2018دا.

ئاماژەی بەوەشكردووە: هێنانی كاڵای خۆراكی پشتیوانیكراو بۆ دابەشكردنی بەسەر هاوڵاتیاندا، لەڕێگەی ئەو كارگانەوە دەبێت كە لای دەستەی وەبەرهێنان‌و  گەشەپێدانی پیشەسازی تۆماركراون، ئەوەش لە چوارچێوەی بەرنامەی پشتیوانیكردنە لە پیشەسازیی  نیشتیمانی. 

وەزارەتی بازرگانی عێراق ساڵانە بڕێكی زۆر گەنم‌و برنج هاوردە دەكات بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی بەشە خۆراكی مانگانەدا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی بكات، بەڵام لەدوای ساڵی 2015وە پشت بەستنی عیراق بە بەرهەمی شەكر‌و زەیتی كارگەكانی ناوخۆ زیادیكردووە.