حکومەتی هەرێم ڕاگەیاندراوێکی سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ بڵاوکردەوە


ئەنجومەنی وەزیران سیستمی نوێی دابەشكردنی موچەی پەسەند کرد و رایدەگەیەنێت”شەهیدان و ئەنفالكراوان و خانەنشینان و كەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و ئەوانەیش كە مووچەیان لە (400)هەزار دینار كەمترە، مانگانە تەواوی مووچەكانیان بەبێ هیچ پاشەكەوت وەردەگرن”.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ راگەیەندراوێكی بڵاوکردەوە و ئاشكرایدەكات لە كۆبوونەوەكەدا مەحمود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، كورتەیەكی دەربارەی بڕیارێكی دوێنێی پەرلەمانی عیراق خستەڕوو كە لە بەرژەوەندیی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانییانی سیاسیی هەرێمی كوردستاندایە و ئاماژەی بەوەدا ئەو توێژەی لە هەرێمی كوردستان لە بڕیارەكە سوودمەند دەبێت، مینحە و ئیمتیازاتیان لەگەڵ عیراق یەكدەخرێت و دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵی عیراقەوە وەك لە دەستووردا هاتووە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ساڵی 2015ـوە كاری لەسەر كردووە.

لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری، سیستمی نوێی موچەی روونكردۆتەوە و تیایدا وردەكاریی چۆنیەتیی خەرجكردنی مانگانەی موچەی خستەڕوو كە گۆڕانگارییەكی گەورە بە ئاڕاستەی كەمكردنەوەی ڕێژەكانی پاشەكەوت لەخۆ دەگرێت بە جۆرێك كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و خانەنشینان و كەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و ئەوانەیش كە مووچەیان لە (400) هەزار دینار كەمترە، مانگانە تەواوی مووچەكانیان بەبێ هیچ پاشەكەوت و لێبڕینێك وەردەگرن.

بەپێی ئەو سیستمە نوێیە، ئەو موچەخۆرانەی لە (400) هەزار دینار بەرەو ژوور تا سێ ملیۆن دینار وەردەگرن، بەپێی زۆر و كەمیی موچەكانیان، بە ڕێژەی 90% تا 75%یان بۆ خەرج دەكرێت، هەرچی پلە تایبەتەكانە، موچەكانیان بەپێی سیستمی پاشەكەوتی جاران دەدرێت و تەنها 25%ی موچەیان بۆ خەرج دەكرێت، دواتر د.ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان و ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری، داهات و خەرجیی مانگانەی چاوەڕوانكراویان بۆ هەرێمی كوردستان خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەكاتەوە هەر زیادبوونێكی داهات دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ڕێژەی پاشەكەوتی موچە، جەختی لە بەردەوامیی پرۆسەی شەفافیەت و چاكسازی و پابەندبوون بە پڕۆژەی وردبینیی داهات و خەرجییەكان كردەوە كە ئێستا لەلایەن هەردوو كۆمپانیای نێودەوڵەتیی دیلۆیت و ئیوای ـیەوە جێبەجێ دەكرێت.

ئەنجومەنی وەزیران ڕاشیگەیاندوە كە ئامانجی ئەوەیە لە هەنگاوەكانی داهاتوودا پاشەكەوتی موچە بە یەكجارەكی نەمێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەركردنی یاسای چاكسازی لە موچە و خانەنشینی كە ئێستا لە پەرلەمانی كوردستانە، بە هەنگاوێكی گرنگ لە قەڵەم دا.