نرخی سەوزە و میوە دادەبەزێت


بەمەبەستی كەمكردنەوە نرخی سەوزە و میوە، لە سلێمانی كار بە بڕیاری كەمكردنەوە عمولە دەكرێت و جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانیش رایدەگەیەنێت قائیمقام لیژنە هاوبەشەكانی راسپاردووە بەدواداچوون و چاودێری عەلوەكە بكەن.

ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لە دیوانی قائیمقامییەت لەگەڵ لیژنەی هاوسەنگی سەوزە و میوە، كە پێك هاتوون لە نوێنەرانی ئاسایشی ئابووری، بەرێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵ و چاودێری بازرگانی و لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كۆبوویەوە.

پاش كۆبونەوەكەش، رزگارحەمەخدر جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی ووتی: بەمەبەستی پشتگیری كردنی جوتیاران و بەبازاڕكردن و ساغكردنەوەی بەروبومەكانیان، كار بەبڕیاری ژمارە 2ی وەزارەتی كشتوكاڵ دەكرێت كە بڕیاری كەمكردنەوەی عمولە بۆ 6% داوە، كە بڕە پارەكەش لە كڕیار وەردەگیرێت نەك جوتیارەكان، و بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە قائیمقامی سلێمانی لیژنە هاوبەشەكانی راسپاردووە بەدواداچوون و چاودێری عەلوەكە بكەن.

رزگار خدر ووتیشی: لە وەرزی بەهاردا جوتیاران خۆیان بۆ زەوی كێڵان و بەرهەمهێنانی بەروبومی كشتوكاڵی ئامادەدەكەن، بەرووبوومی جوتیاران لەم وەرزەدا توانای دابینكردنی پێداویستی بەكارهێنەران لەسەوزەو میوە پڕدەكاتەوە، و بەشێكیشی زیاددە و هەناردەی بازارەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق دەكرێت.

ووتیشی: بەمەبەستی ساغكردنەوەی بەرووبوومی جوتیاران، بەپێی خشتەی ئامادەكراو لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بڕیاردراوە لەكاتی پێگەشتنی بەرووبوومەكان باج بخرێتە سەر سەوزە و میوە هاوردەكراوەكان.
  
جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد، هەرلەكۆبونەوەكەدا و لە چوارچێوەی پاككردنەوە و جوانتركردنی شاری سلێمانی و لابردنی زیادەرۆییەكان، بڕیاردرا دەست بە هەڵمەتی لابردنی تەواوی زیادە رۆییەكانی دەرەوەی عەلوەی سلێمانی بكرێت و لەناوەوەش ئاسانكاری بۆ بازاڕكردن و رێی هاتوچۆكردن بكرێت.