كۆمپانیای ئەگرۆبیۆ (Agrobio)ی توركی، جۆرە هەنگێک كە زیاتر لە بواری پیتاندنی درەختدا سوودی لێوەردەگیرێت، هەناردەی 36 وڵات دەكات.
پیتاندنی دارو درەختی بەردار بە رێگەی هەنگی (ئەلبمبوس)، رێگەیەكی سروشتییە كە لە جیهان پەیڕەو دەكرێت بێ ئەوەی پەنا بۆ بەكارهێنانی ماددەی كیمیایی ببرێت كە زیان بە ژینگە دەگەیەنێت.
بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای ئەگرۆبیۆ (Agrobio)ی توركی، نیعمەت بۆزۆك راگەیاند كە ژمارەی شانەكانی هەنگی (ئەلبمبوس) لە جیهاندا، دوو ملیۆن شانەیە.
نیعمەت بۆزۆك ئاماژەی بەوەدا، ئەو جۆرە هەنگە لە توركیا لەو ناوچانە بەخێو دەكرێن كە دەكەونە سەر دەریای ناوەڕاست و باسی لەوەشكرد كە هەنگی (ئەلبمبوس) زیاتر لە بواری پیتاندنی دارو درەختی بەردار سوودی لێوەردەگیرێت.
بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیاكە راشیگەیاند، ساڵانە، 300 هەزار شانەی هەنگی جۆری (ئەلبمبوس) لە توركیا لە بواری پیتاندنی دارو درەختی بەردار سوودی لێوەردەگیرێت.
ئەو روونی كردەوە كە هەر شانەیەكی هەنگی جۆری (ئەلبمبوس) لەناو ماڵە پلاستیكییەكاندا لە 80 بۆ 90 هەنگ دەبن كە تەمەنی هەر یەكیان لە شەش بۆ هەشت هەفتە دەبێت.
ناوبراو ئەوەی خستەڕوو كە ئێستا كۆمپانیاكەیان دەستی بە هەناردەكردنی هەنگی جۆری (ئەلبمبوس) بۆ 36 وڵات كردووە لە نێویاندا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رووسیا و ئەورووپا هەن و متمانەی خۆی نیشاندا كە لە داهاتوودا، ئاستی هەناردەكردنی ئەو جۆرە هەنگە بۆ وڵاتانی دەرەوە بەرز دەكەنەوە.
هەنگی جۆری (ئەلبمبوس) لە گرووپی هەنگی دارتاشە و درێژەكەی دوو بۆ چوار سانتیمەترە و زیاتر لە بواری پیتاندنی دارو درەختی بەردار سوودی لێوەردەگیرێت.