کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ پارێزگاری شارەکە و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەرێمی کودستان، ھاکان کاراجای سەردانی شاری سلێمانی کرد.
سەرەتا سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و لەگەڵ پارێزگاری شارەکە، ھەڤاڵ ئەبوبەکر کۆبووەوە، دواتریش سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانی لە شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە کۆبووەوە.
بەپێی زانیارییەکان سەردان و کۆبوونەوەکەی کۆنسوڵی تورکیا تایبەت بووە بە دوایین پێشھاتەکانی تایبەت بە ھەردوولا و پرسی کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی.
پارێزگاری سلێمانی، ھەڤاڵ ئەبوبەکر راگەیاند: “لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر پرسی کردنەوەی ئاسمانی تورکیا و ھێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا بە رووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، هەروەها باس لە پڕۆسەی ئاشتی لە ناوچەکە و چۆنیەتی پاراستنی ئەم ناوچەیە لەشەڕ کرا، تەوەرەی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکاندا”.
رۆژی هه‌ینی رابردوو حکوومەتی توركیا بڕیاریدا كایه‌ی ئاسمانی وڵاتەکەی به‌ڕووی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بكاته‌وه، ئه‌م بڕیاره فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ناگرێته‌وه كه به هۆکاری”بارودۆخی ئه‌منی” وه‌كو سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم رایگەیاند.
بڕیاره‌كه‌ی توركیا پاش ئه‌وه هات كه له 13ی ئه‌م مانگه سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگه‌یاند بڕیاری داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بەڕووی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان هه‌ڵده‌گیرێت و به‌منزیكانه ده‌ست به گه‌شته‌كان له فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی ده‌كرێته‌وه و دوای چه‌ند رۆژێكی كه‌م فڕۆكه‌خانه‌كان بەڕووی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکاندا كرانه‌وه.