بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی لەبارەی چۆنییەتی دەستکاریکردنی مووچە، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئادار دوو کۆبوونەوە لە شاری هەولێر دەکرێن. لە کۆبوونەوەکاندا بڕیاری کۆتایی لەسەر سیستەمێکی نوێ بۆ دابەشکردنی مووچە دەدرێت. بەپێی سیستەمە نوێیەکە رێژەی لێبڕینی مووچە بەراورد بە پێش سیستەمی پاشەکەوت لەنێوان 10% بۆ 30% دەبێت، بەڵام تەنیا فەرمانبەرانی ئاسایی دەگرێتەوە و پلە تایبەتەکان ناگرێتەوە.
لە کاژێر 09:00 وە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی و ئابووری ئەنجوومەنی وەزیران دەستیپێکردووە. ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە هەر لەسەر چۆنییەتی دەستکاریکردنی مووچە لیژنەکە کۆبوونەوەیەکی 8 کاژێری ئەنجامدا.
کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە و هاوشێوەی دوێنێ هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، رێباز حەملان، وەزیری دارایی، ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكان، عەلی سندی، وەزیری پلاندانان، ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عوسمان شوانی، سكرتێری ئەنجوومەنی ئابووری و نووری عوسمان، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون تێیدا بەشدارن.
بریاره دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی، راستەوخۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەستپێدەکات و تێیدا بڕیاری کۆتایی لەسەر مووچە دەدرێت.
لەمەودوا سیستەمی پاشەکەوتی مووچە نامێنێ و سیستەمێکی نوێ دادەنرێت، بڕیارە مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵیش بە سیستەمە نوێیەکە دابەشبکرێت و لەمەودواش هەموو مانگێک مووچەیەک بدرێت.
بەپێی سیستەمە نوێیەکە مووچەی فەرمانبەران بەشێوەکی باش زیاد دەکات، بەپێی زانیارییەکان رێژەی لێبڕینی مووچە 10٪ بۆ 30٪ دەبێت. بڕیارەکەش تەنیا فەرمانبەرانی ئاسایی دەگرێتەوە و پلە تایبەتەکان ناگرێتەوە، بەڵکو مووچەی ئەوان هەر بەپێی سیستەمە کۆنەکە دابەشدەکرێت.
بهپێی پێشبینیهكان لهم سیستهمه نوێیه ئەگەر فەرمانبەرێک پێشتر مووچەکەی یەک ملیۆن دینار بووبێت، ئێستاش کەمترین رێژەی لێببڕیت کە 10%یە، ئەوا هەموو مانگێک 900 هەزار دینار وەردەگرێت، ئەگەر زۆرترین رێژەشی لێببڕێت کە 30%یە، ئەوا 700 هەزار دینار وەردەگرێت.
سبەی پێنجشەممە 29ی ئادار دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ی ساڵی رابردوو تەواودەبێت، هەفتەی داهاتوو لیستێکی نوێی مووچە رادەگەیێندرێت، لیستەکە بەپێی سیستەمە نوێیەکە دەبێت و هی مانگی یەکی 2018 دەبێت، مووچەی مانگی 12ەش هاوشێوەی سێ مووچەی ساڵی 2016 و مووچە پاشەکەوتکراوەکە دەبێتە قەرز لای حکومەت.
رووداو