عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق ئاشكرای دەكات، یەدەگی عیراق لەدراوە بیانیەكان بۆ 51 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار بەرزبۆتەوە، تەئكیدیش دەكاتەوە، بەر لەچارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێم، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیان رەوانەی لقی بانكی ناوەندی لەهەولێر كردووە.
پارێزگاری بانكی ناوەندی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، یەدەكی دراوی بیانی بۆ 51 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار زیادیكردووەو بانكەكەیان توانیویەتی ئەو سەربەخۆییە بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە كە لەساڵی 1980وە لەدەستی دابوو، جگەلەوەش كۆنتڕۆڵی رێژەی هەڵئاوسانی كردووە، بەشێوەیەك لەپێش ساڵی 2003وە رێژەی هەڵئاوسان لەسەدا 40 بووە بەڵام لەئێستادا لەسەدا چوارە.
وتیشی، بانكی ناوەندی بەر لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێمی كوردستان، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی رەوانەی لقی بانكی ناوەندی لە هەولێر كردووە.
عەلی عەلاق رونیكردەوە، بابەتی سڕینەوەی سفرەكانی سەر دراوی عیراقی ئامادەیە، بەڵام جێبەجێكردنی پێویستی بەژینگەیەكی گونجاوە، تاوەكو رێگری لەساختەكاریەكانی بكرێت.