پەرلەمانی عیراق یاسای بودجەی ساڵی 2018ی ڕەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار كردەوە، پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی قانونیش دەڵێت، یاسای بودجە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەمڕۆ پەرلەمانی عیراق بەڕەسمی یاسای بودجەی ساڵی 2018ی ڕەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار كردەوەو بەپێی زانیاریەكانیش دەستكاری یاساكە نەكراوە.
هاوكات عەلی عەلاق ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە دەوڵەتی قانون رایگەیاند: لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی بەپێی دەستوور دراوە بە سەرۆك كۆمار كە ماوەكەی 15 رۆژە، یاسای بودجەی دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
وتیشی: ئیمزا نەكردنی سەرۆكایەتی كۆمار لەسەر یاساكە بە مانای تانەلێدان نایەت، بەڵكو رەنگە چاكسازیی تێدابكرێت، بەوەش یاساكە دەخرێتەبواری جێبەجێكردنەوە.
د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق بەهۆی بوونی 31 خاڵی پێشێلكاری دەستوورییو یاساییو دارایی لە بڕگەو ماددەكانی یاسای بودجەی ساڵی 2018، یاساكەی رەوانەی پەرلەمان كردەوە، لە وەڵامیشدا سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاند، لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتی كۆماردا نییە ئەو یاسایانە ڕەتبكاتەوە كە لەپەرلەمان پەسەندكراون.