سامان ئیبراهیم، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەی گەنجینەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، لەم چاوپیکەوتنەیدا لەگەڵ سایتی ژوور دەڵێت ”پرۆژەکە بریتیە لە ٩٠٠ گەنجینە کە لەسەر رووبەری ٥٢٢ دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت، لەئێستاشدا رۆژانە کارکردن تیادا بەردەوامە، کە لەدروستکردنی پرۆژەکەدا هەموو ستاندار و پێوەرێکی جیهانی تێدا ڕەچاو دەکرێت”.
بازرگانیو پیشەسازی: پرۆژەی گەنجینەکانی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی دەکەوێتە کوێوە؟
سامان ئیبراهیم: پرۆژەی گەنجینەکانی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سليمانی دەکەوێتە ناوچەی پیشەسازی دووە لەشاری سلێمانی لەسەر شەقامی سەرەکی سلێمانی عەربەت جێبەجێ دەکرێت، لەنێوان گوندی ژاڵەیی سەروو لەگەڵ ناوچەی پیشەوەران.
بازرگانیو پیشەسازی: ڕووبەری پرۆژەکە و گەنجینەکان چەندە؟
سامان ئیبراهیم: پرۆژەکە بریتیە لە ٩٠٠ گەنجینە کە لەسەر رووبەری ٥٢٢ دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت و دابەش بووە بەسەر چوار جۆر گەنجینەدا کە رووبەرەکەیان بریتیە لە گەنجینەی ٢٠٠ مەتری و ٤٠٠ مەتری و ٦٠٠ مەتری و ٨٠٠ مەتری.
بازرگانیو پیشەسازی: ئەم گەنجینانە بۆ چ بوارێک تەرخان دەکرێت؟
سامان ئیبراهیم: ئەم گەنجینانە بە پلەی یەکەم تەرخان دەکرێت بۆ بواری خۆراک کە لەسەدا ٤٠٪ پرۆژەکە تەرخان دەکرێت بۆ ئەم بوارە، لەبەر ئەوەی داواکاریەکی زۆری لەسەرە لەلایەن بازرگانانەوە، بەشێکی تری تەخان دەکرێت بۆ بواری کارەبایی و پێداویستی ناو ماڵ و دروستکردنی چەند گەنجینەک بە بەراد.
بازرگانیو پیشەسازی: ئەو خزمەتگوزاریانە چین کە لەم پرۆژەیەدا جێبەجێ دەکرێت؟
سامان ئیبراهیم: پرۆژەکە هەموو ستانداردێکی جیهانی تێدا ڕەچاوکراوە، شەقامی فراوان لە پرۆژەکەدا بونی هەیە، خزمەتگوزاریەکانی وەک، ئاو مەجاری و کارەبا و قیرتاوکردن و شۆستە و سیستەمی ئاگر کوژێنەوە بەشێوەیەکی مۆدیل و پێشکەوتوو بۆ گەنجینەکان لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و شارەوانی سلێمانیەوە بە هاوبەشی جێبەجێ دەکرێت.
بازرگانیو پیشەسازی: لە ئێستادا پرۆژەکە لە چ قۆناغێکدایە؟
سامان ئیبراهیم: قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە بریتیە لە کاری بەڵێندەرایەتی لەم قۆناغەدا پەرژین بۆ پرۆژەکە دروست دەکرێت لەگەڵ کردنەوەی شەقامەکان کە لەلایەن کۆمپانیایی کەوانە دۆڵەوە رۆژانە کاری تێدا دەکرێت ماوەی جێبەجێکردنی ئەم دوو بڕگەیە بۆ هەموو پرۆژەکە بریتیە لە ٣٠٠ رۆژ کە نزیکەی لەسەدا ٢٠ تەواو کراوە، ئێمە پرۆژەکەمان دابەش کردوە بەسەر شەش زۆندا.
بازرگانیو پیشەسازی: ئەم گەنجینانە بە چ میکانیزم و پێوەرێک دەدرێتە بازرگانان؟
سامان ئیبراهیم: ئەوەنەی من ئاگادار بم تائێستا نزیکەی ٣٠٠٠ هەزار فۆرم لەلایەن بازرگانانەوە بۆ وەرگرتنی ئەم گەنجینانە پڕ کراوەتەوە، کە بەپێی هەموو بوارەکان جیادەکرێتەوە بواری خۆراک جیایە لە بواری کارەبایی، لەسەر بنەمای ئەمە داواکاریەکان لەلایەن بازرگانانەوە پێشکەش کراوە و فۆرمەکان پڕ کراوەتەوە، لیژنیەک لە ژووری بازرگانی پێکدەهێنرێت بە میکانیزی شیاوبوون، گەنجینەکان دەدرێتە بازرگانان واتا دەبێت ئەو کەسەی گەنجینەکەی پێدەدرێت مەرجە ناونیشان و پێگەی لە بازاڕدا دیار بێت و پیشەی سەرەکی بازرگانی بێت.
بازرگانیو پیشەسازی: گەنجینەکان چۆن دروست دەکرێت؟
سامان ئیبراهیم: ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی ئەرکی دروستکردنی گەنجینەکان دەگرێتە ئەستۆی خۆی، سێ کۆمپانیای گەورە دەستنیشان دەکات بە سێ نرخ و کوالێتی جیاواز راستەوخۆ دەیخاتە بەردەم ئەو بازرگانەی گەنجینەکەی پێدەدرێت، بازرگانەکە سەر پشک دەکات بەپێی توانایی دارایی خۆی یەکێکیان هەڵبژێرێت بۆ کارکردن، ئەم سێ کۆمپانیایە بە نرخێکی کەم و مامناوەند و بەرز کارەکان جێبەجێ دەکەن .
بازرگانیو پیشەسازی: ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی بە چ پێوەرێک ئەو سێ کۆمپانیایە هەڵدەبژێرێت کە گەنجینەکان دروست دەکەن؟
سامان ئیبراهیم: ئەو کۆمپانیانەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەڵیاندەبژێرێت نمونەی کارەکانیان و ئەو کارانەی کە پێشتر ئەنجامیان داوە دەکات بەپێوەری سەرەکی و مەرجە پێشینەیەکی باشیان هەبێت و کاری گەورەیان ئەنجام دابێت.
بازرگانیو پیشەسازی: ئەگەر بازرگان خۆیان کۆمپانیاکان هەڵبژێرن و گەنجینەکان دروستبکەن نابێتە هۆی تێکدانی نەخشەو دیزانی پرۆژەکە؟
سامان ئیبراهیم: ئێمە بازرگانان سەرپشک دەکەین لەوەی کۆمپانیایەک هەڵبژێرێت بۆ دروستکردنی گەنجینە بەڵام دیزان و نەخشەی پرۆژەکە لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە دیاری دەکرێت و بازرگانان دەبێت پابەند بەم دیزاین نەخشەیەوە، ڕێگە نادرێت هەر کەسەو بەشێوازێک گەنجینە دروست بکات ئێمە بەتەواوەتی کۆنترۆڵی ئەم بابەتە دەکەین.