لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، بازرگانیی چەك لە جیهاندا بەشێوەیەكی بەرچاو گەشەی كردووەو وڵاتانی ئاسیاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش گەورەترین كڕیاری چەكن لەجیهاندا، ئەمریكاو روسیاو فەرەنساش گەورەترین فرۆشیاری چەكن لەو پێنج ساڵەدا.
بەپێی راپۆرتی ساڵانەی (پەیمانگەی سێپری) سویدی كە تایبەتە بە توێژینەوەكانی بواری ئاشتی، وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سێ یەكی ئەو چەكانەیان كڕیوە كە لەماوەی ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٧ لەجیهاندا فرۆشراون، ئەوەش دەكاتە (٣٢%)ی بازرگانیی چەكی جیهان لەماوەی ئەو پێنج ساڵەدا.
هەر لەو ماوەیەدا هیندستان لە پلەی یەكەمی ریزبەندی ئەو وڵاتانەدا هاتووە كە زۆرترین چەكیان كڕیوە، هیندستان بەهۆی ئەو ناكۆكییەی لەگەڵ پاكستانو چین هەیەتی، بەردەوام هەوڵی خۆپڕچەككردنی داوە، دوای هیندیش سعودیەو میسر و ئیماراتو زۆرترین چەكیان كڕیوە.
لەپێنج ساڵی رابردوودا ئەمریكا یەكەم وڵاتی جیهان بووە كە زۆرترین چەكی فرۆشتووە بەڕێژەی (٣٤%)، كە چەكی بە ٩٨ وڵاتی جیهان فرۆشتووەو نزیكەی نیوەی چەكەكانیشی لەلایەن وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە كڕدراون، بەشێكی زۆری گرێبەستەكانیش لەسەردەمی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتەدا كڕدراون، چاوەڕوانیش دەكرێت ئەو گرێبەستانە بۆ چەندین ساڵی داهاتوو ئەمریكا وەك یەكەم وڵاتی هەناردەی چەك لەجیهاندا بهێڵێتەوە.
بەپێی داتاكانی سیپری، دوای ئەمریكا، روسیا دووەم وڵاتی جیهانە لەفرۆشتنی چەكو لەماوەی پێنج ساڵدا چەكی بە ٤٧ وڵاتی جیهان فرۆشتووەو زیاتر لەنیوەی چەكەكانیشی بەهیندستانو چینو ڤێتنام فرۆشتووە، دوای روسیاش فەرەنساو ئەڵمانیا لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین چەكیان فرۆشتووە.