بەمەبەستی رێگەگرتن لە وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک بە نایاسایی لە هاونیشتمانیان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بازگە نایاساییەکان بڕیارێکی دەرکرد.
بڕیارەک چوار خاڵ لەخۆدەگرێت و یەکەمیان بریتییە لە: نابێت هیچ کەس و لایەنێک لەژێر هیچ ناو و پاساو و بیانووێک هیچ بازگەیەکی ناقانوونی دابنێت، یان هیچ بڕە پارەیەک بە ناقانوونی لە هاووڵاتیان وەربگرێت، جگە لەو بڕە پارەیەی وەزارەت و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان لەبەر رۆشنایی یاسا و پەیڕەو و رێنماییە بەرکارەکان وەریدەگرن، دواتریش داهاتیان بەپێی پسوولەی فەرمی دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی.
بڕیارەکە ژمارە 140ەو رۆژی 25ی ئادار دەرچووە و واژۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بەسەرەوەیە، لە دووەم خاڵیدا هاتووە: لەکاتی سەرپێچیکردنی هاتوو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە، ئەوا سەرپێچیکار رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە و راستەوخۆ رەوانەی دادگای تایبەت دەکرێت بۆ لێپرسینەوە و سزادان بەپێی یاسا، سەرەڕای پابەندکردنی گەڕانەوەی هەر بڕە پارەیەک کە بە سەرپێچی لە بڕگەکانی ئەم بڕیارە وەردەگیرێت.
لە خاڵی سێیەمدا داوا لە هاونیشتمانیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە لەکاتی هەبوونی هەر سەرپێچییەک لە بڕگەکانی ئەم بڕیارە، هیچ پارەیەک نەدەن بە سەرپێچیکاران، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ئاگاداربکەنەوە و بەڵگەی پێویستیان بخەنە بەردەست.
لە خاڵی کۆتاییشدا جەختکراوەتەوە کە وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش بە هەماهەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی، بڕگەکانی ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکەن.
دەقی بڕیارەکە: